پێڵاوی شاخەوانی، بە کورتی و پوختی!
- سامان حەسەنخاڵی

- Dec 1, 2025
- 2 min read
Updated: Jan 6

پێڵاوێکی گونجاو:
پێویستە بۆ هەر بەرنامەیەکی شاخەوانی پێڵاوێکی گونجاو هەڵبژێری. بۆ ئەوە هەڵبژاردنەش نە تەنیا جۆری بەرنامەکەت بەڵکوو دەبێ ڕادەی ئەزموون و ئامادەیی جەستەیی خۆشت لەبەرچاو بێت. پۆلێن کردنی پێڵاوەکانی شاخەوانی یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی بتوانین گونجاوترین پێڵاو بۆ ئامانجەکانمان هەڵبژێرن. چ بۆ بەرنامەیەکی یەک ڕۆژە یان چ بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەیەکەی شەخەوانیی چەندڕۆژە. پێشنیارتان پێ دەکەم پێڵاوی شاخەوانی لە دووکانێکی تایبەت و لەلایەن ڕاوێژکارێک بکڕن بۆ ئەوەی بتوانێت جۆری پێڵاوەکە و تایبەتمەنییەکانیتان پێ بناسێنێت. هەڵبژاردنی پێڵاوێکی نەگونجاو بۆ شاخ لەوانەیە ژانی بەدواوە بێ کە دەبێ خۆتی لێ بپارێزی.
پێڵاوی شاخەوانی:
پێڵاوی شاخەوانی لە پلەی یەکەمدا لە بنێکی قایم، پارێزەرێکی مەچەک، پاژنەیەکی پتەو و پەتێکی بەستنەوەی تایبەت پێک هاتووە. پێڵاوە مۆدێرنەکانی شاخەوانی ئەوڕۆکانە لە ماددەی جۆراوجۆر دروست دەکرێن و کێشێکی کەم و هەرمان و خۆڕاگرییەکی زۆر باشیان هەیە.
بنی پێڵاوەکە:
بنی زۆربەی پێڵاوەکانی شاخەوانی ویبرامە. گەورەوچووکەیەتی و فۆڕمی پرۆفیلی بنی پێڵاوەکانیش (بە پێی جۆری پێڵاوەکە) جیاوازن. ڕادەی سەختی و خۆڕاگریی بنی پێڵاوەکانیش جیاوازن و تۆ دەبێ بە پێی سەختی و چۆنێتیی ڕێگەی شاخ پێڵاوەکەت هەڵبژێری کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ماندووبوون یان حەسانەوەی پێت هەیە. بەتایبەت ئەگەر کۆڵەپشتییەکی قورست بەسەر شانەوە بێت. بۆ نموونە ئەو پێڵاوانەی کە تایبەت بۆ سەر بەفر و سەهۆڵ دروستکراون، لە بەشی پشتەوە قەڵەشتێکی پلاستیکیی تایبەت بۆ پێوەگیرکردنی کڕامپۆنیان پێوە دیارە.

بەستنی پێڵاوەکە:
بەستنی پەتی پێڵاو دەبێتە هۆی قایم بوونی پێ لە پێڵاودا؛ سیستمێکی کارامە و چۆنێتی گرێدانی ئەو پەتەش بە دڵنیاییەوە زۆر گرینگە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دروست هەنگاو هەڵێنانەوەی مرۆڤ هەیە. هەربۆیە شاخەوانەکان لە کاتی سەرکەوتن بەسەر شاخدا بەشی سەرەوەی پەتی پێڵاوەکە بڕێک شلتر دەبەستن تا مەچەکی پێیان بتوانێ هێندێك ئازادتر بجووڵێتەوە. لەکاتی هاتنەوەخوارێشدا بەپێچەوانەوە پەتی پێڵاوەکە لە بەشی سەرەوە توندتر دەبەستن تا مەچەکی پێیان قایمتر بێ و بەو شێوەیە پێش لە ماندووبوون و زیانی مەچەکی پێیان دەگرن.

قاڵب و سایزی پێڵاوەکە:
گرینگترین پێوانەیە بۆ هەڵبژاردنی پێڵاوێکی شیاوی شاخەوانی. دەبێ پاژنە و پەنجەی پێت بەتایبەت قامکەکان تێیدا بە دروستی جێی ببێتەوە و پێت هەست بە ئاسوودەیی بکات. قامکەکان دەبێ فەزایەکیان بۆ جووڵانەوە هەبێت. کاتی کڕینی پێڵاوەکە، گۆرەوییەکی شیاوت لەبەردابێ و زۆر بەحەوسەلە تاقی بکەوە. ئاگادار بە کە پێی مرۆڤ لەماوەی ڕۆژدا و بە گۆرانی پلەی گەرمی، کەمێک هەڵدەماسێ.

پۆلێن کردنی پێڵاوی شاخەوانی:
پێڵاوەکانی شاخەوانی بەپێی جۆری بەکارهێنان لە پۆلی جیاوازدا قات بەندی دەکرێن. ئەگەرچی لەنێوان براند و بەرهەمهێنەرەکاندا جیاوازی هەیە بەڵام ئەو پۆلێنکردنەی کە لەلایەن مایندڵەوە (Meindl) پەرەیپێدراوە باوترە. مایندڵ دەڵێ پێڵاوەکانی شاخەوانی لە پۆلی A وە دەست پێدەکەن کە پێڵاوەکانی سادەی شاخەوانین تا پۆلی D کە پێڵاوی فەننی و تایبەت بۆ سەر بەفر و سەهۆڵ یان چیا بەرزەکانن. هەرچەند سنوورەکان ڕوون نین بەڵام بەگشتی هەرچی ڕێپێوانەکە سەختتر و چیاکە فەننی و بەرزتر دەبێتەوە، پێڵاوەکانیش لە پۆلێکی سەرەوەتردا پۆلێن دەکرێن.

پێڵاوی شاخەوانیی پۆلی D
ئەو پێڵاوانە تایبەت بۆ شاخەوانی بەسەر بەرد و سەهۆڵ لە چیا بەرزەکاندا دەبن کە بنێکی زۆر قایم وسەختیان هەیە و گێیترێکی درێژیان پێوەیە. کەواتە تەنیا بۆ بەرنامەی فەننی و تایبەت لەپێ دەکرێن و مرۆڤ ناتوانێ لە هەموو وەرزێک یان لە هەموو شوێنێک لەپێیان بکات.

ئەو پێڵاوانەش جۆری جیاوازیان هەیە کە هەرکامیان تایبەتمەندی و سوودی خۆی هەیە. بۆ نموونە هێندێک لە پێڵاوەکان گێیترێکی کورتی نێئۆپرێنیان (Neopren) پێوەیە کە ناهێڵێ خیز و وردەبەردی شاخی بچێتە نێو ژووری پێڵاوەکەت. لە هەوای خراپ و بەفراویشدا ناهێڵێ گۆرەوییەکەت و بەگشتی قاچت تەڕ بێت. هێندێک بەگشتی بە گێیتر داپۆشراون و هێندێکیش تەنیا ڕووی پێڵاوەکە و پەتی پێڵاوەکە دادەپۆشن.

ڕەنگە هەموو ئەو تایبەتمەندییانە بۆ ئێمە زۆر پێویست نەبن بەڵام بوونیان لە شوێنی خۆی بۆ شاخەوان زۆر گرینگە.












Comments