کورد لە چیای «مۆنبلان»، مەترسیدارترین چیای دنیا کە گیانی زیاتر لە ٨٠٠٠ شاخەوانی هەستاندوە.
- دیاکۆ گەرمیانی

- Jan 1
- 8 min read
Updated: Jan 4

مۆن بلانک بە بەرزی ٤٨١١ مێتر بەرزترین شوێن لە ئەوڕۆپا و ئاڵپ ناسراوە. ئەو چیایە هەمیشە بە بەفر داپۆشراوە زۆر پێش ئەوەی ناوی بنرێت "کێوی سپی"، خەڵکی ناوچەکە پێیان دەوت Montagne Maudite (کێوە نەفرەت لێکراوەکە). باوەڕ وابوو کە دێو و درنج و ئەژدیها لەسەر لووتکەکەی دەژین، و دانیشتووانی شامۆنی تا سەدەی ١٨ زۆر بە دەگمەن لەو ناوچانە نزیک دەبوونەوە.
بە پێی ئاماری فەرمی وڵاتی فەرانسا ساڵانە ١٠٠ کەس لە مۆنبلان گیانی دەدا و تا هێشتا زیاتر لە ٨٠٠٠ کەس لەو چیایە گیانیانداوە هەر ئەوەش بۆتە هۆی وەی کە ئەو چیایە وەک مەترسیدارترین چیای دنیا بناسرێ.
چیای مۆنبلان بە بەرزایی ٤٨١١ میتر لە سەر سنووری دوو وڵاتی فەرانسا و ئیتالیا هەڵکەوتوە سەرکەوتن بەسەر ئەو چیایەدا لە هەر دووک وڵاتانەوە دەکرێ. بەناوبانگترین ڕێی سەرکەوتن بەسەر مۆنبلاندا ڕێچکەی گۆتەیە کە بە دیوی فەرانسادا کەوتووە. مۆنبلان وەک گەوهەرێکی نایابی سەر تاجی سروشت ناسراوە و ئاواتی شاخەوانانی پرۆفێشناڵە بۆ ئەوەی بەسەریدا سەر کەون و ناوی خۆیان لە تاریخ دا تۆمار کەن.
یەکەم کورد کە توانی لووتکەی مونبلان بگرێ
لە ساڵی ١٧٦٠، زانای جنێڤی (هۆراس بینیدیکت دی سۆسۆر) خەڵاتێکی نەقدی زەبەلاحی دانا بۆ یەکەم کەس کە بتوانێت ڕێگایەک بۆ سەر لووتکەکە بدۆزێتەوە. ٢٦ ساڵی خایاند تا دواجار کەسێک توانی خەڵاتەکە بباتەوە.
بۆ یەکەم جار ژاک بالما و میشێل گابریێل پاکارد لە ساڵی ١٧٨٦ تۆانیان وەسەر چیای مۆنبلان بکەون. ئەو دوو شاخەوانە بێ هیچ ئامێرێکی مۆدێرن—نە پەت، نە تەوری سەهۆڵ، تەنها دارێکی درێژ و پێڵاوی ئاسن-بڕ چوونە لووتکەی ئەو چیایە و خەڵکی شارەکە لە خوارەوە بە تێلیسکۆپ چاودێرییان دەکردن.ئەمە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە شاخەوانیدا دادەنرێت، چونکە تەنها بۆ ناوبانگ و شکۆ نەبوو، بەڵکو بۆ مەبەستی زانستی بوو کە لەلایەن هۆراس بێنێدیکت دی سۆسۆرەوە ڕاسپێردرابوون. ئەم کارە بوو بە پێشینەیەک بۆ گەڕان و پشکنینە شاخەوانییەکانی داهاتوو.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بەردەستن، یەکەم کورد کە توانیوێتی وەک تاکێکی کورد بەسەر چیای مۆنبلاندا سەرکەوێ دیاکۆ گەرمیانی (شێخ محەمەدی) خەڵکی مەهابادئ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٣ دا لەگەڵ تیمێکی ناونەتەویی لووتکەی گرت و ئاڵای کوردستانی بەرز کردەوە. دیارە پێشتر محەمەد ئەورازی شاخەوانی کوردی خەڵکی نەغەدە لە ساڵی ١٩٩٩ لە سەر ناوی تیمی شاخەوانی ئیران بەسەر چیای مۆنبلان سەرکەوتووە. بەڵام هیچ بەڵگە و زانیاریەک نییە کە پشتراستی کاتەوە تیم یان تاکێکی کورد دەرەوەی ئەو دوو شاخەوانە لووتکەی مۆنبلانیان گرتبێ.
یەکەم کورد کە توانیوێتی وەک تاکێکی کورد بەسەر چیای مۆنبلاندا سەرکەوێ دیاکۆ گەرمیانی (شێخ محەمەدی) خەڵکی مەهابادئ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ تیمێکی ناونەتەویی لووتکەی گرت و ئاڵای کوردستانی بەرز کردەوە.

جێگای ئاماژەیە کە لەساڵی ٢٠١١ شاخەوانێکی بەناوبانگی ئێرانی، کە ئەزموونی سەرکەوتن بەسەر زیاتر لە ١٥ چیای بلیندی هیمالیای هەبووە بەناوی مێهدی عمیدی، بە مەبەستی سەرکەوتنی چیای مونبلان ڕێی لووتکەی ئەو چیایەی گرتە بەر بەڵام بەداخەوە هەر لەو چیایە بێ سەر و شوێن بوو و هێشتاش تەرمی ئەو شاخەوانە نەدۆزراوەتەوە.
شامۆنی، پایتەختی شاخەوانی دنیا
شاری شامۆنی کە نیزیکترین شار بە چیای مۆنبلانە؛ لای شاخەوانەکان وەک "مەککەی وەرزشە شاخاوییەکان" یان "پایتەختی سەرکێشیی جیهان" دەناسرێت. ئەوەی شامۆنی لە شوێنەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەو تێکەڵە دەگمەنەی ژیانی مۆدێرن و سروشتی کێوییە. هەندێک زانیاری لەسەر ئەو شارە:
کۆنترین کۆمەڵەی ڕێنمایانی شاخەوانی: لە ساڵی ١٨٢١، شامۆنی یەکەمین کۆمەڵەی ڕێمایانی شاخەوانی (Compagnie des Guides de Chamonix) لە جیهاندا دامەزراند. تا ئەمڕۆش، بوون بە ڕێنما لەم کۆمەڵەیەدا بە یەکێک لە قورسترین و بەناوبانگترین بڕوانامەکان لە جیهاندا دادەنرێت.
ناوەندی تاقیکردنەوە: هەموو کۆمپانیا گەورەکانی کەرەستەی شاخەوانی جیهان لە شامۆنی بنکەیان هەیە. ئەگەر پێڵاوێک یان چاکەتێکی نوێ دروست بکرێت، یەکەم شوێن کە تاقی دەکرێتەوە لێرەیە، چونکە کەشوهەوا و تاشەبەردەکانی مۆن بلان باشترین تاقیگەن.
کەشوهەوایەکی تایبەت: لە شەقامەکانی شامۆنیدا خەڵک بە جل و بەرگ و رەگەز و تەمەنی جۆراوجۆر تێکەڵاون، یەکێک بە جلی فەرمییەوە دەچێت بۆ سەر کار و لە تەنیشتییەوە کەسێک بە تەور و پەت و جلی شاخەوانییەوە لە شاخ هاتووەتە خوارەوە؛ و یەکێکیش بە جل و پێڵاوی هەڵاتنێ دەبینی کە تازە لە ڕاکردن هاتۆتەوە، ئەمە دیمەنێکی ئاسایی و ڕۆژانەیە.
شامۆنی لەم ساڵانەی دواییدا نەک هەر بۆ شاخەوانی، بەڵکو بووەتە ناوەندی یەکەمی ڕاکردن لە شاخدا: پێشبڕکێی UTMB: گەورەترین و بەناوبانگترین پێشبڕکێی ترەیل ڕانینگ لە جیهاندا (Ultra-Trail du Mont-Blanc) لە شامۆنی بەڕێوەدەچێت. ئەم پێشبڕکێیە نزیکەی ١٧١ کیلۆمەترە و بە دەوری کێوی مۆن بلاندا دەسووڕێتەوە و بە سێ وڵاتدا (فەڕەنسا، ئیتاڵیا، سویسرا) تێدەپەڕێت. ئەمە لای ڕاکەرەکان وەک "ئۆڵۆمپیادی ترەیل ڕانینگ" وایە.
ژێرخانی وەرزشی: شارۆچکەکە زیاتر لە ٣٥٠ کیلۆمەتر ڕێگای (Trail) نیشانەکراوی هەیە بۆ ڕاکردن و پیادەڕەوی. ئەم ڕێگایانە بە جۆرێک دیزاین کراون کە لە هەموو ئاستەکان (سەرەتایی تا پڕۆفیشناڵ) سوودی لێ ببینن.
ڕاهێنانی بەرزایی: زۆرێک لە پاڵەوانە جیهانییەکانی ڕاکردن، هاوینان لە شامۆنی دەژین بۆ ئەوەی لە بەرزاییدا ڕاهێنان بکەن، ئەمەش یارمەتی جەستەیان دەدات ئۆکسجین باشتر بەکاربهێنێت.
سەرکەوتن و ڕێگای لووتکە مۆنبلان
هەر وەکی ئاماژەی پێکرا بەناوبانگترین ڕێگای سەرکەوتن بۆ لووتکەی مۆنت بلان ڕێچکەی گووەتەرە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی دوو تا سێ ڕۆژ دەخایەنێت. سەرکەوتنەکە لە لێزووشەوە دەست پێدەکات و بە شەمەندەفەری مۆن بلان (Tramway du Mont-Blanc) کە یەکێکە لە کۆنترین و بەناوبانگترین شەمەندەفەرەکانی سەر شاخی جیهان دەچیت بۆ وێستگەی کۆتایی کە پێی دەوترێت Nid d'Aigle (هێلانەی هەڵۆ) کە لە بەرزی ٢,٣٧٢ مەترە. پاش دابەزین لە قەتارەکە دەبێت ماوەی ٤ سەعاتیک رێپێوان بکەی هەتا دەگەیە کەمپی تێت رووس کە بەرزاییەکەی ٣١٦٧ میترە.

پەناگەی Tete Rousse (Tête Rousse Hut) یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیژیترین خاڵەکان بۆ ئەو شاخەوانانەی کە دەیانەوێت بە ڕێگای "ئاسایی" (Normal Route) سەربکەونەوە سەر لووتکەی مۆن بلان. ئەم شوێنە تەنها مانگەیەک بۆ حەوانەوە نییە، بەڵکو دەروازەی چوونە نێو ناوچە ترسناکەکانە.
بەرزییەکەی: ئەم پەناگەیە لە بەرزی ٣,١٦٧ مەتردایە. زۆربەی شاخەوانەکان شەوی یەکەم لێرە دەمێننەوە بۆ ئەوەی جەستەیان لەگەڵ بەرزییەکە ڕادێت (Acclimatization).
دیمەنێکی ناوازە: لەم کەمپەوە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی لوتکەی Bionnassay و بەفری هەمیشەیی دەبینرێت کە لە زۆربەی شوێنەکانی تری شامۆنییەوە ئاوا ڕوون نییە.
زۆربەی کات لە ڕێگەی سەرکەوتن بەو ڕێچکەیەدا دا لە تێت رووس یەک شەوی دەمێنیەوە. مانەوە لەو کەمپە کاتی وە دەدات بە لەشت کە لەگەڵ کەمی ئۆکسیژن خۆی بگۆنجێنێ و بە قەولی دەڵێن هاوهەوا بێ. هۆکاری دووهەمی شەو مانەوە لەو کەمپە ئەوەیە کە ڕێک دۆوای ئەو کەمپە مەترسیدار ترین شۆی ڕێگاکە دەست پێ دەکات. "کۆڵواری مەرگ" (Grand Couloir) ئەو بەشە لە ڕێچکەکە هەر ساڵ گیانی ٤ بۆ ٥ کەس دەگرێ.
تێپەڕبوون لە "کۆڵواری مەرگ" (Grand Couloir)
گرنگترین و مەترسیدارترین بەشی گەشتەکە ڕێک دوای کەمپی تێت ڕووس دەست پێدەکات. بۆ ئەوەی لە تێت ڕووسەوە بچیت بۆ پەناگەی گۆتێ (Goûter Hut) کە قۆناغی دواترە، دەبێت لە Grand Couloir تێپەڕبیت. ئەم شوێنە بە "کەندەڵانی مەرگ" دەناسرێت، چونکە بەردەوام بەردی گەورەی لێ دەبارێ. ڵەو کەندەڵانە بەردەوام بەرد لە شاخەکە دەبێتەوە و دێتە خوارەوە.
شاخەوانەکان بۆ تێپەڕ بوون لەو شۆنە دەبێت یەک یەک و زۆر بە خێرایی لەم ٥٠ مەترە تێپەڕن، زۆربەی کات لە کاتژمێرە زۆر زووەکانی بەیانیدا (کاتێک سەهۆڵەکە بەردەکانی گرتووە و نایەڵێت بکەون) ئەم کارە دەکەن. لەو ویدیۆیانەی خۆارەوەدا دەتوانن چەند دیمەنێک لە بەردبارینی کەندەڵانی مەرگ ببینن:
لەبەر ئەوی کە ئەو بەشە لە ڕێگاکە زۆر مەترسیدار ە، زۆربەی شاخەوانان لە کەمپی تێت ڕووس شەوێک دەمێننەوە و بەیانی زوو پێش وەی کە هەوا گەرم بێ (کاتێک سەهۆڵەکە بەردەکانی گرتووە و نایەڵێت بکەون) حەول دەدەن ئەو بەشە لە ڕێگاکە دەرباز بکەن.
ئەو بەشە لە ڕێچکەکە دیوارێکی بەردی ٧٠٠ میتریە کە دەست پێدەکات و بۆ تێپەر کردنی پەنجە و بەرد دەبی.
گۆتێ (Goûter Hut)
پاش سەرکەوتن بەسەر کەندەڵان و تەنگە دۆڵی مەرگدا، دەگەی بە کەمپیی گۆتە کە بەرزاییەکەی ٣٨٦٣ میترە. لە پەناگەی گۆتێ (Goûter Hut) بەرەو لووتکە، ئیتر پێ دەنێیتە نێو "ناوچەی مەرگ" و دنیای سەهۆڵ. ئەم بەشەی ڕێگاکە بە تەواوی لەسەر بەفر و سەهۆڵە.
زۆرینەی شاخەوانەکان لەو کەمپە ڕاناوەستن و لێرەوە بێ وەستان بەرەو لووتکە دەڕۆن. من چونکە پلانم و بوو دۆای لوتکە گرتن و لە ڕێگای گەرانەوەدا شەوێک لەو کەمپە بمێنمەوە هەرچی کەل و پەل و ئەو شتانەی کە پێویستم نەبوونم هەمووی لەو کەمپە بە جێ هێشت و تەنیا و تەنیا ئەو ئەوزارانەی کە بۆ ڕێگای لووتکە پێویستم دەبوونم لەگەڵ خۆمدا هەڵگرت.
لێرەوە هەتا دەگەی بە لوتکەی مونبلان هەمووی سەهۆڵ و زاندۆر و تەواو بەفراوییە. ئەو بەشە لە ڕێگاکە ئەوەندە سپییە کە تەنیا تەم و مژێکی چکۆلە دەتوانێ ببێتە هۆی وەی بە ئاسانی ڕێگا ون کەی و سەر لە زندۆر و چاڵاوی بەفر دەرهێنی. لە ڕێی لووتکە هەروەها بە دۆم دۆ گوتەدا Dôme du Goûter (٤,٣٠٤ مەتر) تێپەردەبی کە خۆی وەک لووتکەیەک ناسراوە. ئەم شوێنە پان و بەرینە و وەک بیابانێکی بەفراوی وایە. هەناسەدان لێرەدا قورس دەبێت چونکە ئۆکسجین کەم دەبێتەوە، بەڵام دیمەنی چیا و ئاسمان لێرەدا بێوێنەیە.
پەناگەی ڤالۆت (Vallot Hut) - خاڵی بڕیاردان
لە بەرزی ٤,٣٦٢ مەتر، دەگەیتە پەناگەی ڤالۆت کە پەناگەیەکی فریاگوزارییە (Emergency Shelter). لێرەدا زۆرێک لە شاخەوانەکان تووشی "نەخۆشیی بەرزایی" دەبن. ئەگەر کەسێک زۆر هیلاک بێت یان نیشانەی مەترسیداری هەبێت، لێرە دەمێنێتەوە یان دەگەڕێتەوە. ئەمە کۆتا شوێنە بۆ حەسانەوەیەکی کورت پێش کۆتا قۆناغ.

تیرەگی سەهۆڵی بۆسێ (The Bosses Ridge)
ئەمە ترسناکترین و سەرنجڕاکێشترین بەشی کۆتایییە. Arête des Bosses لێوارێکی زۆر باریکی بەفراوییە کە دوو لای لێژییەکی توندی هەیە. لێڕە دەبێت زۆر وریای هەنگاوەکانت بیت و کەرەمپۆنەکانت (Crampons) بە توندی لە سەهۆڵەکە بچەقێنیت. با لێرەدا زۆر بەهێزە و هەندێکجار دەبێت پەت بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک خلیسکا، ئەوی تر ڕایبگرێت.
لە دۆم دوگووتەەوە بەرەو لووتکە مۆن بلان زۆر شۆنێکی مەترسیدارە و یەک هەڵەی بچکۆلە و یان هەڵخلیسکانێک دەتوانێ ببێتە هۆی سەدان میتر بەربوونەوە و زۆرینەی ئەو کەسانەی لەو شۆنە بەردەبنەوە قەت نادۆزرێنەوە و لە ناو دڵی ئەو چییایەدا ون دەبن.
لێرەوە هەتا لووتکە ٣ بۆ ٤ سەعات دەخایێنێ و ئەو بەشە بە هۆی وەی کە بەرزایی زۆرە و ئۆکسیژەنی هەوای کەمە یەکەکە لە سەخت ترین بەشەکانی ئەو سەرکەوتنە.بەڵام خۆشی وەی کە لە لووتکە نیزیک دەبێوە ئەو ماندوو بوونانەت هەمووی لەبیر دەباتەوە.
لووتکە (The Summit)
کاتێک دەگەیتە لووتکە، دەرەوەی کڵاوەێکی سپی و پان لە بەفر هیچ شتێک نابینیت. کاتێک پێ دەخەیتە سەر ئەو کڵاوە سپییە، هیچ شتێک لە سەرووی تۆوە نییە جگە لە ئاسمان. ئەگەر ئاسمان ساماڵ بێ لە لووتکەوە چیاکانی ئاڵپی ئیتالیا و سویسرات لێ دیارن کە وەک شەپۆلێکی بچووکی دەریایەک دەچن کە سەهۆڵ بەستوویەتی، و هەست بە بچووکیی مرۆڤ و مەزنیی سروشت دەکەیت.
کاتێک دەگەیتە لووتکە، دەرەوەی کڵاوەێکی سپی و پان لە بەفر هیچ شتێک نابینیت.
چەند فاکتی سرنج راکێش لەسەر مۆنبلان:
لەسەر لووتکەی مۆن بلان، ڕێژەی ئۆکسجین نزیکەی ٥٠٪ کەمترە لە ئاستی دەریا. هەر هەنگاوێک کە دەینێیت، هەست دەکەیت ڕاکردنێکی درێژت کردووە.
مەترسی گەڕانەوە: زۆربەی ڕووداوەکان لە کاتی گەڕانەوەدا ڕوودەدەن، چونکە جەستە هەموو وزەی خۆی لە سەرکەوتندا بەکارهێناوە و سەرنجی (Focus) کەم دەبێتەوە.
کات: گەشتەکە لە گۆتێوە بۆ لووتکە و گەڕانەوە بۆ گۆتێ نزیکەی ١٢ بۆ ١٤ کاتژمێر دەخایەنێت.
ڕێگەی گەرانەوە
گەڕانەوە لە لووتکەی مۆن بلانەوە بۆ خوارەوە، زۆرجار وەک تاقیکردنەوەیەکی سەختتر لە سەرکەوتنەکە سەیر دەکرێت. هەرچەندە لە ڕووی دەروونییەوە هەست بە ئارامی دەکەیت چونکە گەیشتوویتە ئامانجەکەت، بەڵام جەستەت لە لوتکەی ماندوێتی دایە و کاریگەرییەکانی کەمی ئۆکسجین و سەرما گەیشتوونەتە ئەوپەڕی خۆیان. بەتایبەتی هەنگاونان و هاوسەنگی ڕاگرتن لەسەر لێوارە باریکەکانی تیڕەگی Bosses Ridge قورستر دەبێت.
مەترسیدارترین بەشی گەڕانەوە، بۆ جاری دووهەم تێپەڕبوونە لە Grand Couloir (کۆڵواری مەرگ). بۆ ئەوەی ئەو بەشەی ڕێگا لە کاتی سەهۆڵبەندانی بەیانی تێپەر بکەی، باشتر وایە شەو لە کەمپی گۆتە بمێنییەوە و نیوەی شەو ڕێگەی خۆارەوە بگرییە بەر. بە نیوەڕۆ و ئەو کاتەی خۆرەتاو لە بەفر و سەهۆڵەکەی داوە، بەردەکان شل دەبنەوە و ئەگەری بەردبارین زۆر زیاتر دەبێت.
دابەزین لە بەرزی ٤٨١١ مەترەوە بۆ ناو جەرگەی شامۆنی. ڵە نێو بەفر و سەهۆڵ و سەرمای ژێر سیفرەوە بۆ خۆرەتاو چلەی گەرمای هاوین هەستێکی سەیر و سەمەرەیە. کاتێک دەگەیتەوە شار، هەست دەکەیت لە جیهانێکی ترەوە گەڕاویتەتەوە بۆ ناو شارستانییەت.
ڕاهێنان بۆ مۆنبلان
ئامادەکاری و ڕاهێنان بۆ سەرکەوتن بەسەر مۆن بلان پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئەو شاخەوانیە وەکی ڕاکردنی ماراتۆنێک (٤٢ کیلۆمیتر) بەراوەرد کراوە. گرنگترین لایەنی فیزیکی بۆ ئەم کێوە، هەبوونی سیستەمێکی دڵ و هەناسەی (Cardiovascular) بەهێزە. هەروەها دەبێ خۆڕاگری یان ئیندورەنسی لەشت لەسەرێ بێ. بۆ وەرزشوانێکی کە لە حەوتوودا ٤ بۆ ٥ جار ڕاهێنان دەکات، پێویستە لانی کەم ٦ مانگ پێش ئەو شاخەوانییە دەست بکات بە ڕاکردنی مەودا درێژ، پاسکیل سواری، و هەروەها تەمرینی سەرکەوتن لە لێژایی باری قورسەوە (نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ کیلۆ).
ڕاهێنانی زۆنی دوو" (Zone 2 Training) زۆر گرینگە و پێویستە لەشت لەگەل ئەو جۆرە تەمرینە ڕابێنی. واتە ڕاهێنان بە خێراییەکی مامناوەند لە مەودای درێژ، تا جەستە فێر بێت چۆن چەوری وەک سووتەمەنی بەکاربهێنێت و بتوانی بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر بەبەردەوامی بجوڵێت.
ئەو شاخەوانیە وەکی ڕاکردنی ماراتۆنێک (٤٢ کیلۆمیتر) بەراوەرد کراوە
هەروەها ڕاهێنانی هێزی ماسوولکەکانی لاقت زۆر گرینگە. ڵەو سەرکەوتنەدا لە زۆر جێگا پێویستیت بە هاوسەنگی هەیە، بەتایبەتی لەو شۆنانەی لە بە تیڕەگ و لێواری باریکدا تێپەر دەبی. بۆ ئەو مەبەستە دەبێ لەسەر جووڵەی ئیسکات و دێدلیفت و بەتایبەت ئیسکاتی یەک لاق (Single-leg squats). گرینگە کە ماسولکەکانی دەوری ئەژنۆ و پاژنەی پێت بەهێز بێت.
لە کۆتاییدا، دەرەوەی سەخت و پڕخەتەربوونی چیای مۆنبلان، هەڵگەڕان بەسەر ئەو چیایەدا گرانیشە و دەوری ٤٥٠٠ یۆرۆ تێچووی هەیە. بەڵام سەرەرای هەمووی ئەوانە حەز و خۆلیای سەرکەوتن بەسەر بووکی سپی چیاکانی ئاڵپدا هەموو ساڵێ شاخەوانان لە ٤ گۆشەی دنیا لە دەوری یەک لە شاری شامۆنی کۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئاواتی و حەزی سەرکەوتن بەسەر ئەو چیایەدا هاوبەش بکەن.
سەرکەوتن بەسەر مۆن بلان تەنیا گەیشتن بە بەرزترین خاڵی جوگرافیی ئەورووپا نییە، بەڵکو ئەزموون و تاقی کردنەوەیەکە بۆ ناسینی سنوورەکانی توانای مرۆڤ. لە نێوان ژاوەژاوی شەقامە پڕ لە ژیانەکانی شامۆنی و بێدەنگیی ترسناکی لووتکەدا، شاخەوان فێری ئەوە دەبێت کە گەورەترین سەرکەوتن زاڵ بوونە بەسەر ترس و ماندوێتییەکانی خۆتدا. مۆنبلان چیاکەیە کە مێژووی شاخەوانیی جیهانی نووسیوە، و تا ئەمڕۆش وەک قیبلەیەک بۆ هەموو ئەو کەسانە دەمێنێتەوە کە دەیانەوێت جیهان لە ڕوانگەیەکی بەرزتر و پاکترەوە ببینن.









































Comments