باتوم؛ بۆ هاوسەنگییەکی زیاتر لە شوێنی پڕ هەورازونشێو
- سامان حەسەنخاڵی

- Jan 4
- 3 min read
Updated: Jan 6

بەکارهێنانی باتوم ئەوڕۆکانە لە هایکینگ یان بە گشتی لە شاخەوانیدا زۆر باوە و لەڕاستیدا زۆریش گرنگە. بەکارهێنانی دروستی باتوم لە شاخ دەبێتە هۆی پاراستنی ئەژنۆ و مەچەکی پێ و بەگشتی دەتوانێت گوشار لەسەر ماسوولکەکانی قاچ کەم بکاتەوە. باتوم لە شوێنی سەخت و بەرداوی یان پڕ هەورازونشێو یارمەتیمان دەدات بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی. ڕێگاڕۆیشتن بە باتومەوە پێویستی بە ڕاهێنان هەیە و نابێ بە بەردەوامی، بەڵکو بەپێی پێویست کەڵکی لێ وەربگیرێت.
تەکنیکەکان:
سەرکەوتن بە دوو باتوم
لەو تەکنیکەدا هەردوو باتومەکە پێکەوە بەرەو پێشەوە دەبردرێن و بە بەکارهێنانی هاوکاتی هەردوو قۆڵ، باتومەکان پشتگری لە هەنگاو هەڵێنانەوە بەرەو سەرەوە دەکەن. هەرچەندە فشاری زیاتر لەڕێگەی قۆڵەکانتەوە بخرێتە سەر باتومەکان، گوشاری سەر ماسوولکەکانی قاچ کەمتر دەبێتەوە.
تەکنیکی هاتنە خوارەوە
بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر فشار کەم بکرێتەوە، دەبێت باتومەکان کە نزیکەی ٥ بۆ ١٠ سانتیمیتر درێژتر ڕێکخراون، لە خاڵێکی نزمتردا جێگیر بکرێن. لەم دۆخەدا ماسولکەکانی بەشی سەرەوەی قۆڵ بە تایبەت ئانیشکەکان وەکوو فەنەر کار دەکەن.
تراوێرس (جووڵەی پانەکی)
دەستی لای شاخەکە لە بەندی باتومەکە دەردەهێنرێت. تراوێرس بە باتۆمێکی درێژتر لە لای دۆڵەکە و باتۆمێکی کەمێک کورتتر لە لای شاخەکە ئەنجام دەدرێت. لەو دۆخەدا هەردوو دەست تا ڕادەیەک لە یەک بەرزیدا دەبن.
تەکنیکی پشتگیریی لایەنی
ئەو تەکنیکە لە ڕێگا پانەکییەکان یان لەسەر کێڵگە بەفرینەکان بەکاردێت. لەم شێوازەدا، هەردوو باتومەکە بە یەکەوە دەگیرێن و شاخەوان تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی لایەنی پاڵ بە لێژییەکەوە دەدات. لە کاتی خلیسکاندا، باتومەکان ڕاستەوخۆ بۆ وەستاندن بەکاردێن.
هاتنەخوارەوە لە شوێنە مەترسیدارەکان
هاتنەخوارەوە بە باتوم دەتوانێت زۆر جار مەترسیدار بێت. سەری باتومەکە دەبێت بە دڵنیاییەکی تەواوەوە لەسەر زەوی دابنرێت. هەڵە کردن لەم قۆناغەدا دەتوانێت دەرەنجامی خراپی هەبێت. پێش هاتنەخوارەوە دڵنیا بە کە سیستمی قفڵکردنی باتۆمەکەت بە دروستی کار دەکات.
درێژایی باتومەکان
باتوم لەدەست هەر کەسێکدا درێژییەکی جیاوازی هەیە. درێژیی باتوم بەپێی باڵای شاخەوان جیاوازە. ئەگەر لە کاتی دانانی باتومەکان بە شێوەی ستوونی، ئانیشکەکانت نزیکەی ٩٠ پلە بچەمێنەوە، ئەم درێژییە بۆ سەرکەوتن گونجاوە. لە کاتی هاتنەخوارەوەدا، دەبێت باتۆمەکان ٥ بۆ ١٠ سانتیمیتر درێژتر بکرێن بۆ ئەوەی ڕێگە بدات پاڵ بە پێشەوە و خوارەوە بدەیت.
چۆنێتی گرتنی باتوم
بۆ ئەوەی بە ڕاستی گوشار لەسەر بڕبڕەی پشت و ئەژنۆکان کەم بکرێتەوە، دەبێت باتومەکان بە شێوەیەکی دروست بگیرێن. بەو شێوەیە کە دەست لە خوارەوە ڕا دەچێتە نێو بەندی دەسکی باتومەکە و ئینجا دەسکی باتومەکە دەگیرێت.

لە کاتی هاتنەخوارەوە لە شوێنی سەخت و بەرداوی دەبێت دەستەکان لە ناو بەندی باتومەکان دەربهێنرێن، بۆ ئەوەی لە کاتی ئەگەری کەوتندا، دەستەکانمان ئازاد بن بۆ خۆگرتنەوە.
دوو جۆری جیاوازی باتوم
لە شاخەوانیدا بەکارهێنانی ئەو باتومانەی کە شیاوی ڕێکخستنن زۆر گرنگە. ئەم باتومانە هەم شوێنێکی کەمتر لە سەر کۆڵەپشتییەکە دەگرن و هەم دەرفەتی ڕێکخستنمان لە کاتی سەرکەوتن و هاتنەخوارەوەدا پێ دەدەن. ئەو باتومانەی کە شیاوی ڕێکخستن نین بۆ شاخەوانی گونجاو نین!
باتومی تەلەسکۆپی
مۆدێلە کلاسیکەکەی باتومی شاخەوانییە کە لە ٣ بەشی لێکچوو پێکدێت کە دەچنە ناو یەکترەوە. دەبێت گرنگییەکی تایبەت بە سیستمی قفڵکردنەکەی بدرێت، چونکە ئەم بەشە خاڵی لاوازی باتومەکانە. لەم جۆرە باتومانەدا خلیسانی لوولەی باتومەکە لە کاتی هاتنەخوارەوەدا وەک هۆکارێکی مەترسیدار دادەنرێت.

باتومی قەد-نووشتاوی Z
بەتایبەت لە گەشتە سەختەکان، ڕێگاکانی ڤیا فێراتا، ترەیل ڕانینگ یان سەرکەوتن بەسەر بەرد لە کاتی شاخەوانی کردندا، باتومی نووشتاوەی Z پێشنیار دەکرێت. ئەم باتومانە زۆر کەم-قەبارەن و بە تەواوی لە ناو کۆڵەپشتیدا جێیان دەبێتەوە، بۆیە لە دەرەوەی جانتاکە نابێتە ڕێگر و کێشەمان بۆ دروست ناکات.

سیستمی قفڵی باتومەکان
مکانیزمی ناوەکی (ناوەوە)
لەم سیستمەدا، سووڕاندنی باتومەکە دەبێتە هۆی بەستن یان کردنەوەی باتومەکە. ئەم جۆرە قفڵکردنە لە سەرمای زستاندا زیاتر ئەگەری بەستنی هەیە، بەڵام چەندین دەیەیە کە بە باشی کار دەکات!
مکانیزمی دەرەکی (دەرەوە)
لەم جۆرە قفڵەدا، لوولەی باتومەکە لە دەرەوە لە ڕێگەی قفڵێکی ئەلەمینیۆمیی پاوەرلۆکەوە (Powerlock) دەگوشرێت.
قفڵی باتومی قەد-نووشتاو
بنەمای کارکردنی وەک میلەکانی (ستوونەکانی) چادرە بۆ پێکەوە بەستن. خاڵی لاوازی ئەو باتومانە قفڵی بەستنەوەی باتومەکەیە. ئەم بەشە لە باتومێکی باشی قەد-نووشتاو دا دەبێ هەندێک درێژ و پتەو دیزاین کرابێت.
گوڵی باتوم (بازنەی پلاستیکیی سەری باتومەکە)
گوڵی باتوم ڕێگری لە چوونە ناوی باتومەکە بۆ ناو بەفر یان قوڕەوە دەکات. بۆ نموونە لە زستاندا گوڵێکی گەورەی بەفر بەکاردێت. بۆ گەشتی شاخە بەرزەکان لە هاویندا، گوڵێکی بە قەبارەی مامناوەند پێشنیار دەکرێت. هەموو سەرە باتومەکان سیستمی گۆڕینی گوڵی باتومیان هەیە. لە کاتی هایکینگ لە هاویندا، پێویستمان بە گوڵی باتوم نابێت. تەنیا سەری باتومەکە خۆی تەواوە. گوڵی بەفری زستانیش بۆ هایکێکی ئاسایی لە هاویندا گونجاو نیە! چونکە لە کاتی سەرکەوتن و هاتنەخوارەوەدا، باڵانسی باتومەکە تێک دەدات و هەروەها دەبێتە هۆی زوو خراپ بوون یان شکانی گوڵی باتومەکە.
![]() | ![]() | ![]() |
گوڵی بەفر | گوڵی باتوم بە قەبارەی مامناوەندی | سەری باتوم |














Comments