ترەیل ڕانینگ – یان ڕاکردن لە ناو سروشتدا
- دیاکۆ گەرمیانی

- Jan 5
- 3 min read

کاتێک لە ناو سروشت دا ڕادەکەی گوێت لە توندلێدانی دڵتە، تێکەڵ بە دەنگی با و ئاژەڵەکان، خشپەی گەڵاکان و دەنگی خۆڵ و خیزەڵانی ژێر پێتە. ئێرە وەک شەقامەکانی ناو شار نییە، تەنها تۆیت و چیایەکی سەرکەش. ترەیل ڕاننینگ یانی گەرانەوە بۆ ناو ڕەگ و ڕیشەی مرۆڤ.
زۆرینەی ئێمە ڕاهاتووین لەسەر ئاسفاڵتی بێدەنگ وجادە ڕابکەین، بەڵام ئایا تا ئێستا تاقیت کردووەتەوە لە باوەشی سروشتدا، لەو شوێنانەی تەنها دەنگی هەناسەکانت و خشپەی گەڵاکان دەبیسترێت، ڕابکەیت؟
ترەیل ڕاننینگ (Trail Running) - دەو یان ڕاکردنی ناو سروشت؛ وەرزشێکە کە جەستەت بەهێز دەکات و ڕۆحت ئازاد. ترەیل ڕاننینگ جۆرێکە لە ڕاکردن کە لە ڕێگا و شوێنە سروشتییەکاندا ئەنجام دەدرێت، وەک چیاکان، دارستانەکان، دەشت و کێو و ڕێچکەی شاخەکان. جیاوازی سەرەکی لەگەڵ ڕاکردنی ئاسایی لەسەر ڕێگای ئاسفاڵت ئەوەیە کە تۆ لە شۆنێکی نەهامواردا دەڕۆیت، هەوراز و نشیبی ئەو مەسیر و ڕێگەی لێی ڕادەکەی زیاترە، ڕەنگە شۆنەکە بەرداوی بێ، ڕەگ و ڕیشەی دار و خۆڵ و قور و بە گشتی تایبەتمەندییەکانی شۆنەکە ڕاکردنەکە سەختتر داکات.
ئەم وەرزشە دەرەوەی ڕاهێنانی جەستە، بەهێز کردنی ماسولکەکان و سیاتمی دڵ و دەمارت، هەلێکیشە بۆ پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ سروشتدا و تێپەڕبوون لە ژیانی شارستانی.
یەکێک لە باشترین لایەنەکانی ترەیل ڕاننینگ بەتایبەتی لە کوردستان کە وڵاتێکی شاخاوییە ئەوەیە کە هەموو کەسێک دەتوانێت دەست پێبکات، و چێژ لەو وەرزیشە وەرگرێ لە ئاستی تواناکانی خۆیدا - دەتوانیت بە ڕێچکەی ئاسان و کورت دەست پێبکەی، دواتر بە هێواشی بەرەو ناوچە سەختترەکان بڕۆیت.
بۆ زۆرینەی دەوەندە و ڕاکەران، ترەیل ڕاننینگ لە ڕاکردنی ڕێگای ئاسایی خۆشتر و سەرنجڕاکێشە، چونکە ڕێگاکە بەردەوام دەگۆڕێت و هەمیشە شتێکی نوێ بۆ دیتن هەیە.
بۆ دەستپێکردن، پێویستت بە کەمترین کەلوپەلە. پێلاوێکی تایبەت بە ترەیل ڕاننینگ گرنگترین شتە - ئەم پێلاوانە گریپی باشتریان هەیە بۆ ئەوەی لە شۆنی لووس و لەسەر خیزەڵان یان بەرد و شۆنی قوڕاوی هەڵنەخلیسکێی. پەنجە و قامکەکانی لاقت باشتر دەپارێزن و بنی ئەو کەوشانە لە چاو کەوشی دیکە پانترە بۆ ئەوە پانێت پێچ نەخۆات.
جگە لە کەوەش، جلوبەرگی گونجاو بە کەش وهەوا، ئاو و ئامێری فریاکەوتنی سەرەتایی یان مۆبایل، باشە پێت بێ، بەتایبەتی بۆ ڕێگەی درێژتر. دیارە بۆ هەڵگرتی ئەو کەل و پەلانە کۆلەپشتی تایبەت بە ترەیل ڕانینگ هەیە.
سوودەکانی ترەیل ڕاننینگ زۆرن - جگە لە بەهێزکردنی دڵ و ماسولکەکان، یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی هاوسەنگی و کۆئۆردیناسیۆن.

کوردستان بەهەشتی ترەیل ڕانینگ
ئێمە وەک کورد بەختەوەرین کە لە وڵاتێکی شاخاویدا دەژین. لە نیزیک هەر شار و گوندێکی کوردستان گۆڕەپانی ڕاکردن بۆ ئێمە بێ کۆتاییە. ئەو وەرزیشە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەروونیشت هەیە، کات ڕابردن لە سروشتدا و دوور بوونەوە لە جەنجاڵی شار و ژاوەژاوی سۆشیاڵ میدیا و ژیانی ڕۆژانە دەبێتە هۆی ئارامی و دڵخۆشی. زۆر لە خەڵک دەڵێن کە ترەیل ڕاننینگ جۆرێک لە مێدیتەیشنە بۆیان.
چۆن دەست پێبکەی؟
ئەگەر حەزدەکەیت دەست بە ترەیل ڕاننینگ بکەیت، بە شوێنێکی نزیک و ئاسان دەست پێبکە. لەگەڵ هاوڕێیەک بڕۆ ئەگەر دەتوانیت، بەتایبەتی لە سەرەتادا. حەول بدە هەمیشە بە کەسێکی نیزیکت بڵێی لە دەچی کوێ و چەندەت پێ دەچێ بۆ ئەوەی خۆت لە مەترسی بپارێزی.
لە سەرەتادا حەول بدە لە هەورازەکان لە جیاتی ڕاکردن پاوەر هایکینگ (Power Hiking) بکەی. تەنانەت یاریزانە جیهانییەکانیش لە هەورازە زۆر سەختەکاندا ڕاناکەن، بەڵکو بە هەنگاوی خێرا دەڕۆن. گوێ لە لەشت بگرە و هیچ شەرەم مەکە لەوەی بوەستیت. لەبیرت نەچێت کە مەبەست قەویتر بوون و چێژوەرگرتنە، نەک دروستکردنی مەترسی لەسەر خۆت! ئەم وەرزشە هەلێکی نایابە بۆ دۆزینەوەی شوێنە جوانەکانی دەوروبەرت و لە هەمانکاتدا سەلامەت مانەوە.
مێشکت چۆن لەگەڵ ڕێگاکەدا دەدوێت؟
لە ڕاکردنی ئاساییدا (وەک سەر ئاسفاڵت)، مێشک دەچێتە سەر حاڵەتی " خۆکار" چونکە ئەو شۆن یان زەوییەی لێی هەڵدێی ناگۆردرێ. بەڵام لە ترەیل ڕاننینگدا، مێشک و کۆئەندامی دەمار لە حاڵەتی ئامادەباشییەکی بەردەوامدان. ئەمەش پەیوەندی بە دوو پرۆسەی سەرەکییەوە هەیە:
١. فۆڕمی "سکانی بەردەوام" (Proprioception): کاتێک بەسەر ڕێگایەکی ناهەمواردا ڕادەکەیت، دەمارەکانی ژێر پێیەکانت وەک "سۆنار" کار دەکەن. لە هەر هەنگاوێکدا، زانیاری دەربارەی پلەی لێژی، توندی خاکەکە و جۆری بەردەکان دەنێرن بۆ مێشک. بەو پێیەی هیچ دوو هەنگاوێک وەک یەک نین، مێشک ناچارە بەردەوام نەخشەی نوێ بۆ هاوسەنگی جەستە بکێشێتەوە. ئەمە وادەکات "کۆرتێکسی جووڵە" لە مێشکدا بە چالاکی بمێنێتەوە.
٢. ڕەفتاری پەرچەکردار یان (Stretch Reflex): ئەمە یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرترین میکانیزمەکانی جەستە. کاتێک قاچت لەسەر بەردێکی لێژ دەنێیت و ماسولکە یان تاندۆنەکانی ناو جمگەت (Tendons) لەناکاو دەکێشرێنەوە، کۆئەندامی دەمار بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بڕیاری تۆ بکات، فەرمانی گرژبوونەوە دەدات بۆ ئەوەی جومگەکە نەسووڕێ و نەشکێت. ئەم پەرچەکردارە (Stretch Reflex) لە ترەیل ڕاننینگدا هەزاران جار لە یەک ڕاکردندا دووبارە دەبێتەوە. ئەمەش نەک تەنها ماسولکەکان، بەڵکو پەیوەندییەکانی نێوان مێشک و دەمارەکانیش "تیژ" و بەهێز دەکات.

لە کۆتاییدا، ترەیل ڕاننینگ تەنها وەرزشێکی جەستەیی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوەی ئەو هێزە شاراوەیەی کە لە ناو هەمووماندا هەیە. کاتێک لە شار دوور دەکەوێوە و دەچیە ناو قوڵایی سروشت، نەتەنیا سیستەمی دەمار و ماسولکەکانت نوێ دەبنەوە، بەڵکو مێشکیشت لەو دڵەڕاوکێیانە پاک دەبێتەوە کە ژیانی مۆدێرن بەسەریدا سەپاندووین. گرنگ نییە چەندە بە خێرایی ڕادەکەیت، یان چەند جار دەوەستیت بۆ ئەوەی وێنەیەک بگریت؛ گرنگ ئەوەیە کە ئازایی و بوێری ئەوەت هەبووە لە سەیف زۆن (safe zone) "یان حاڵەتەی ژیانی رۆژانەت کە عادەتت پێ گرتۆ بێیە دەرێ و ڕوو لە سروشت و ژیانێکی ساڵمتر بکەیت.












Comments