top of page

Summer - Fall 2026

گەشتی هاوینی تیمی هەوارگە

هەڵگورد؛ شاخەوانی و دووچەرخە سواری

  • Writer: دیاکۆ گەرمیانی
    دیاکۆ گەرمیانی
  • Feb 23
  • 4 min read

Updated: Feb 27


هەڵگورد (Helgurd) یەکێکە لە بەرزترین و ناسراوترین چیاکانی کوردستانی . ئەم چیایە بە بەرزایی ۳٦۰۷ مەتر لە ئاستی دەریا، دوای لووتکەی "چیخی دەرێ"، بە دووەم بەرزترین لووتکەی باشووری کوردستان دادەنرێت و دەکەوێتە سنووری قەزای چۆمان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر. چیای هەڵگورد بنارێکی بەرفراوان ، دیوارەی بەردینی سەخت و لووتکەیەکی ساردی هەیە کە زۆربەی کاتەکانی ساڵ بە بەفر داپۆشراوە.


هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرەچیای زاگرۆس؛ ئەو زنجیرە چیایەی کە ناسنامەی سروشتیی کوردستانی پێکهێناوە.

Zagros Mountain Range – زنجیرە چیای زاگرۆس
Zagros Mountain Range – زنجیرە چیای زاگرۆس

بە کورتی لەسەر زنجیرەچیای زاگرۆس ئاماژە بەوەی بکەم کە یەکێکە لە گەورەترین و درێژترین زنجیرەچیاکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە دەست پێ دەکات و بەرەو باکووری ڕۆژئاوا دەکشێت، لە بەشێکی بەرینی کوردستان تێدەپەڕێت و تا نزیک ناوچەی وان درێژ دەبێتەوە. زاگرۆس زیاتر لە ۱٤۰۰ کیلۆمەتر درێژە و پاناییەکەی لە شوێنە جیاوازەکاندا لە نێوان ۸۰ بۆ ۱۲٥ کیلۆمەتر دەگۆڕێت.

 ئەم زنجیرە چیایە بەهۆی بەریەککەوتنی دوو پلێتی گەورەی زەوی (عەرەبی و ئۆراسیایی) دروست بووە ,پرۆسەیەک کە بووەتە  هۆی ئەوەی  گەلێک چیا بەرز و خەرەند و دۆڵیقووڵ لە کوردستان هەڵکەون و کەشوهەوایەکی کوردستان سازگار و جۆراوجۆر بێ. ئەم زنجیرەچیایە، سەرچاوەی سەرەکیی ئاو، دارستان و ژیانە لە ناوچەکانی دەور و بەری خۆیدا.



لەنێوان لووتکە دیارەکانی زاگرۆسدا، چەند ناوێک لە هەمووان بەرچاوترن:


  • ​هەڵگورد: ۳٦۰۷ مەتر

  • ​حاجی ئیبراهیم: ۳٥۸۷ مەتر

  • ​قەندیلی گەورە: ۳٤٤۲ مەتر

  • ​پڕاو: ۳٤۰٥ مەتر

  • ​شاهۆ: ۳۳۹۰ مەتر


زاگرۆس یەکێکە لە کۆنترین ناوچەکانی نیشتەجێ بوونی مرۆڤ لە جیهاندا. بەڵگە شوێنەوارەکان دەریانخستووە کە مرۆڤ لە دەیان هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە لە بنار و ئەشکەوتەکانی زاگرۆسدا ژیاوە.


ئەشکەوتی "شانەدەر" لە باشووری کوردستان و ئەشکەوتی "بێستوون" لە زاگرۆسی ناوەڕاستلە گرنگترین ئەشکەوتەکانی هەڵکەوتوو لەو زنجیرە چیایەدان. ئەو پاشماوە مرۆییانەی لە شانەدەر دۆزراونەوە بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە و پشتڕاستی دەکەنەوە کە چیاکانی زاگرۆس یەکەمین پەناگەکانی مرۆڤ بوون.



هەڵگورد بۆ وەرزشکاران


هەڵگورد یەکێک لە بەرچاوترین لوتکەکانی ئەو زنجیرە چیایە تایبەتمەندییەکانی بریتین لە: سەرمای توند، بەفر، ڕێگای دوورودرێژ و دیمەنی جوان. ئەم تایبەتمەندیانە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم چیایە ببێتە مەبەستێکی سرنجڕاکێش و گرنگ بۆ شاخەوان و وەرزشکاران. ساڵانە کۆمەڵێک وەرزشکاری بۆاری جیاواز لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بۆ سەرکەوتن، ڕاهێنان لە بەرزاییدا و چیژ وەرگرتن، ڕوو لە ناوچەکە و شاری چۆمان دەکەن. لە وتارێکی گۆڤاری (BASE)دا ئاماژەی پێ دراوە، ئەم چیایە بەشێکە لە "ڕێگا ونبووەکانی زاگرۆس". گەشتیارە بیانییەکان وەک شوێنێکی "دەستلێنەدراو و پارێزراو" لە هەڵگورد دەڕوانن کە هاوشێوەی چیاکانی ئەلاسکایە، کە بە کلتوورێکی دەوڵەمەندی کوردییەوە خەمڵێنراوە. بۆ شاخەوانان و تەنانەت دووچەرخەسوارانی شاخ (Mountain Bikers)، هەڵگورد گەشتێکە لە نێوان نیشانە بەجێماوەکانی مێژوو و ئەو جوانییە بێوێنەیەی کە لە هەر گۆشەیەکی ئەم زنجیرەچیایەدا خۆی حەشارداوە. ئەمە دەیسەلمێنێت کە هەڵگورد یەکێکە لەو "دوایین شۆنانەی" جیهان کە هێشتا ڕەسەنایەتی و پارێزراوی خۆی پاراستوو.

لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٠دا، تیمێکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی تۆم (ئەفسەری پێشووی سوپای بەریتانیا) و دووچەرخەسوارانی پڕۆفێشناڵ ئێریک پۆرتەر و دێنس بیەر، بە هاوکاری ڕێبەری کوردی خەڵکی باشوور ڕێکان ڕەسوڵ، هەوڵی ئەنجامدانی یەکێک لە سەرکێشترین گەشتەکانی سەر لووتکەی هەڵگوردیاندا. دیارە کەڵەکەبوونی بەفری زستانی ڕێی پێ نەدان کە بگەنە لووتکەی چیاکە، بەڵام تیمەکە لە بنارە بەرزەکانیدا دابەزینێکی (Descent) مێژووییان بە دووچەرخە ئەنجام دا. پۆرتەر و بیەر زیاتر لە ١٠٠٠ مەتر  بە دووچەرخە بەرەو ناو دۆڵەکە شۆڕ بوونەوە. ئەم گەشتەی ئەو دوو دووچەرخەسوارە ماتەوزە و 'پۆتێنشیاڵی' گەورەی چیای هەڵگورد و بە گشتی چیاکانی زاگرۆس نیشان دەدات بۆ گەشتیاری و شوێنێکی جیهانی بۆ وەرزشەکانی ناو سرووشت.

من ئەو ڕاپۆرتەم لە وێرژێنی ئینگلیسی گۆڤاری Mountain Biking خوێندۆتەوە، بەڵام لەسەر ئینترنێتیش ئەو ڕاپۆرتە بەردەستە و لینکەکەی لێرە دادەنێم بۆ ئەو خۆشەویستانەی پێیان خۆشە زیاتر لەو بارەیەدا بخوێننەوە: https://www.base-mag.com/the-lost-trails-of-zagros/



​لە پاڵ وەرزشدا، هەڵگورد شوێنی گەشتیاری سروشتییشە. بەفر لە هاویندا، هەوای فێنک، سروشتی دەستلێنەدراو و گوندی "سەکران" ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ بناری ئەم چیایە ڕادەکێشن. توانەوەی بەفری لووتکەکانی، کانی و سەرچاوەی ئاوی گرینگی دروست کردووە کە بۆ کشتوکاڵ و ژیانی ناوچەکە بایەخێکی چارەنووسسازیان هەیە.


ڕێگای سەرکەوتن

سەرکەوتن بۆ هەڵگورد لە شاری چۆمانەوە دەست پێ دەکات. لە بەرزایی ٢٣٠٠ مەتر، چیدیکە ناتوانی بە ئوتومبێل سەرکەوی، گەشتە ڕاستەقینەکە دەست پێ دەکات. لێرەوە دەبێت کۆڵەپشتیەکەت ئامادە بکەیت بۆ بڕینی مەودایەکی سەخت. باشترین کات بۆ شاخەوانانی ئاسایی لە نێوان مانگی ٥ تا ٩ دایە. بەڵام تەنانەت لە هاوینیشدا، دەبێت ئامادەی گۆڕانی لەناکاوی کەشوهەوا، تەمومژ و دابەزینی پلەی گەرما بیت بۆ ژێر سفر لە کاتی شەودا. لە کاتی سەرکەوتندا، پێویستە ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگریت:

  • ڕێگا کۆنەکان:  لە چیای هەڵگورد هێشتا پاشماوەی ڕێگا سەربازییەکانی ساڵانی هەشتاکان دەبینرێن. بەکارهێنانی ئەم ڕێگایانە ئاسانترە، بەڵام پێویستە بە هیچ جۆرێک لە ڕێڕەوە دیاریکراوەکان لانەدەیت.

  • مەترسیی مین: بە هۆی وەیکە هەڵگورد ناوچەیەکی سنوورییە. نیشانە سوورەکان و سێگۆشە ژەنگاوییەکان وەک بیرهێنەرەوەیەکی مەترسیدار دەبینرێن. بۆ سڵامەتی خۆت، حەول بدە لەگەڵ ڕێبەرێکی ناوخۆیی گەشت بکە، چونکە ئەوان ناوچەکە دەناسن.

  • کاتێک بەرەو ٣٦٠٧ مەتر دەڕۆیت، هەوا تەنک دەبێت. هەنگاوەکانت کورت و ڕیتمی هەناسەدانت جێگیر بکە.

  • پێڵاوی شاخەوانی دژە ئاو (بۆ بەزاندنی بەفرەکان)، گۆچانی شاخەوانی (Poles) بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەسەر بەردە وردەکان (Scree)، و جلی (Windbreaker) بۆ بەرگری لە با توندەکانی لووتکە.


کاتێک دەگەیتە لووتکە، واتە لەسەر یەکێک لە بەرزترین شۆنەکانی زنجیرەچیای زاگرۆس ڕاوەستاوی و دیمەنێکی بێوێنەی هەیە. لێرەوە دەتوانیت لووتکەی "چیخی دەر" ببینی کە تەنیا ٤ میتر لە هەڵگورد بەرزترە. ئەم چیایە بە هۆی وەی لەسەر سنووری ئێران و عێراقە و بەهۆی سەربازییەوە قەدەغەیە. بۆ هاتنە خۆارەوە باشترین ڕێگە هەمان ڕێگای سەرکەوتندا. یەکێک لە ڕێگاکانی سەرکەوتن بۆ هەڵگورد و ڕێگاکە لە ویدیۆی بابەشێخ، شاخەوانی خوێن شیرین و ڕۆحسووک بە جوانی تۆمار کراوە و لەو لینکەی خۆارەوە دەتوانن بیبینن.




هەندێک زانیاری تکنیکی لەسەر هەڵگورد:


  • بەرزیی لووتکە: ٣٦٠٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە.

  • باشترین کات بۆ سەرکەوتن: بۆ شاخەوانانی ئاسایی (مانگی ٥ تا ٩)، بەڵام بۆ شاخەوانە پیشەگەرەکان وەرزی زستان (١٢ تا ٣) گەورەترین چالنجە.

  • ماوەی سەرکەوتن: بە شێوەیەکی گشتی ٧ بۆ ٩ کاتژمێری پێ دەچێت (چوون و گەڕانەوە) لە خاڵی "بێس کەمپ"ەوە.

  • سەختی ڕێگاکە: بە گشتی بە (Moderate to Hard) پۆلێن دەکرێت؛ واتە پێویستی بە توانایەکی جەستەیی باش و ئامادەکاری هەیە.


ژینگەی هەڵگورد (Ecosystem)

هەڵگورد کۆگایەکی ستراتیژیی ئاوە. ئەو بەفرە زۆرەی لە زستاندا لەسەر ئەم چیایە دەنیشێت، لە هاویندا دەبێتە سەرچاوەی ژیان بۆ ڕووبارەکانی ناوچەی باڵەکایەتی و چۆمان، کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر کشتوکاڵ.


  • گوڵ و گیا: بناری هەڵگورد بە گیای بەهارە وەک ( کەنگر، و ڕێواس) ناسراوە.

  • باڵندەکان: بینینی داڵ و هەڵۆ لە بەرزاییەکانی ئەم چیایە دیمەنێکی باوە.



لە کۆتاییدا پێم خۆش بوو بڵێم کە کاتێک جانتاکەت دەپێچیتەوە و بەرەو لووتکە شاخان بەڕێ دەکەویت، لەبیرت بێت کە تۆ دەچیتە باوەشی دایکی سروشت. با پێکەوە لووتکەکان بە بەرزی و ژینگەکەی بە پاکی بهێڵینەوە. لە ناو سروشت و لەسەر شاخەکان هێچ زبڵ و پاشماوەیەک مەهێڵەوە و لەگەڵ خۆت بیان هێنەوە خۆار. ئەو زبڵ و پاشماوانەی کە لە ناو سروشت بەجێیان دێڵی گیان و ژیانی ئاژەڵەکانی ئەو ناوچەیەی لە مەترسی داوێن و ئێکۆ سیستمی ئەو شۆنە تێک دەدات، دەرەوەی وەیکە دیمەنی ئەو شۆنە ناحەز دەکات. سروشت، شاخ و کێو هەموو شتێکت پێ دەبەخشن و ژیان دەدەن بە ئێمە و تەنیا کارێکی مرۆڤ دەتوانێ بۆیانی بکات ئەوەیە کە وەک خۆی بیهێڵێتەوە. پاراستی ژینگە پاراستنی ژیانە.


 
 
 

Comments


bottom of page