پلان داڕشتن بۆ گەشتێکی ئاڵپی
- سامان حەسەنخاڵی

- Feb 22
- 2 min read
Updated: Jun 10

بابەتی پلان داڕشتن بۆ سەرکەوتن بەسەر چیا بەرزەکاندا تەنیا ئامادەیی جەستەیی و ئەزموونی شاخ نێ و زۆر لەوە بەرفراوانترە. لێرەدا جۆری ڕێگا و هەڵبژاردنی کەلوپەل جیاوازە و دەبێت بەپێی بەرزایی و جۆری شاخەکە پلانی بۆ دابنرێت. لەڕاستیدا هەر چەندی پلانەکەت بە وردی دابڕێژی و زیاتر خۆتی بۆ ئامادە بکەیت هەر ئەو ڕادەیەش کەمتر لە شاخ تووشی سەرسووڕمان دەبیت.
پلان-بەهەڵە-داڕشتن دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی گیانت بکەوێتە مەترسییەوە یان بەگشتی پلانەکە هەڵوەشێتەوە! هەر بۆیە ئامادەکاری، بنەمای سەرەکیی تۆڕێکی سەرکەوتوویە.
لەماڵەوە
بیری لێ بکەوە! دەست بکە بە گەڕان بەدوای تۆڕی چیای خەونەکانت. گرنگ نیە چیای سێ یان چوارهەزار میتری بێت؛ تەنیا هەندێک فاکتەری گرنگ هەیە کە دەبێت لەبەرچاویان بگریت. بە لەبەرچاوگرتن و هەڵسەنگاندنی تواناییەکانت دەتوانی تۆڕێک یان شاخێک بۆ تازەکارە یان پرۆفێشناڵ هەڵبژێری. ئاستی سەختیی چیاکە لەبەرچاو بگرە! بزانە ئامانج چیە؟ واباشترە هەمیشە ئامانجمان بۆ سەرکەوتن بەسەر شاخەکاندا بووژانەوە بێت نەک سەرسامبوون!
پلانی تۆڕەکەت بە وریاییەوە دابڕێژە. هەوڵ بدە تا ئەو ڕادەیەی دەتوانی زۆرینەی ئەو شتانەی کە نادیارن ڕوونی بکەیەوە یان ئالتێرناتیڤی جیاوازیان بۆ هەڵبژێریت.

فۆرموڵی ئەندازەگرتنی کاتی ڕێگا
بەو شێوازەی کە لێرەدا ئاماژەی پێدەکەم دەتوانیت بەپێی مەودای ڕێگاکەت و جیاوازیی نێوان دوو بەرزایی، کاتی ڕێگابڕینەکەت بژمێریت.
شاخەوانێکی ئامادە دەتوانێت لە ١ کاتژمێردا ٤ کیلۆمیتر ڕێگا (٤٠٠ میتر بەرزی ↥ و ٥٠٠ میتر نزمی ↧) ببڕێت.
با بزانین بڕینی ڕێگایەک کە مەوداکەی ٦ کیلۆمیترە و ١٠٠٠ میتر بەرزە چەندە کات دەخایێنێت؟
١٠٠٠ میتر بەرزی ÷ ٤٠٠ میتر بەرزی = ٢/٥ کاتژمێر
٦ کیلۆمیتر ÷ ٤ کیلۆمیتر = ١/٥ کاتژمێر
١٠٠٠ میتر بەرزی ÷ ٥٠٠ میتر نزمی = ٢ کاتژمێر
لێرەدا چکۆلەترین ڕەقەم (کاتژمێر) نیوە دەکرێت، واتە ١/٥ کاتژمێر ÷ ٢ = ٤٥ خولەک
لەکۆتاییدا کۆیان دەکەینەوە:
٢/٥ + ( ٠/٤٥ ) + ٢ = ٥ کاتژمێر و ١٥ خولەک.
واتە شاخەوانێکی ئامادە بۆ بڕینی مەودای ٦ کیلۆمیتر و ١٠٠٠ میتر بەرزایی نزیکی ٥ کاتژمێر و ١٥ خولەکی کات پێویستە.
١ سانتیمیتر لەسەر نەخشە بە پێوەری ١:٢٥٠٠٠ بەرابەرە لەگەڵ ٥٠٠ میتر مەودا
١ سانتیمیتر لەسەر نەخشە بە پێوەری ١:٥٠٠٠٠ بەرابەرە لەگەڵ ٢٥٠ میتر مەودا
لەشاخ
پلانەکەت نوێ بکەوە! وریا بوون و سەرنجدان لەهەموو کاتێکدا پێویستە.
چاوەکانت کراوە بێت و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان هەستیار بە، تەنانەت ئەگەر پێشبینیشی بۆ ناکەیت. بەردەوام لەگەڵ هاوتیمییەکانتو سەرپەرشتی تۆڕەکە لەپەیوەندیدا بە و زانیاری لەیەکتر وەربگرن.
ئێوارەی پێش سەرکەوتن دەتوانن لەدەوری یەک کۆ ببنەوە و لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی سەرکەوتنەکە و ڕەوشی سڵامەتی و ئامادەیی یەکتر قسان بکەن و قەرارەکانتان دابنێن. لێرەدا دەتوانن زۆر دۆستانە و بە کراوەیی باسی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی یەکتر بکەن و ئەرکەکان دابەش بکەن.
ئاگاداری گۆڕانی کەش و هەوا بە و فریوی ئاسمان مەخۆ. گۆڕانی کەش لەشاخ دەتوانێ پلانەکەت بەتەواوی بگۆڕێت. لە هەڵبژاردنی ئەو سایتانەی کە هەواڵی کەش و هەوایان لێ وەردەگریت وشیار بە، هەموو سایتێک جێی متمانە نیە.

پلاندانانی وریایانە
ئەو فاکتەرانە لەکاتی پلاندانان لەبەرچاو بگرە و بەبەردەوامی کۆنتڕۆڵیان بکە:
کەلوپەل
ڕێگای گەشتەکە
ڕێگا ئالتێرناتیڤەکان و شوێنی هاتنەخوارەوەیان
کەش و هەوا و دۆخی گەشتەکە
شوێنە مەترسیدارەکان
بەڕێوەبردنی کات
پارێزران
بەسڵامەتی گەڕانەوە
لەکاتی گەشتەکەدا
پلانەکە هەنگاو بە هەنگاو بەجێ دەهێنرێت. هەر کاتێک لەگەڵ دۆخێکی چاوەڕواننەکراو ڕووبەڕوو بوویتەوە کە پێشتر بیرت لێ نەکردۆتەوە دەبێ خێرا کردەوەیەک لەخۆت نیشان بدەیت. زۆربەی ڕووداوەکان بەهۆی زنجیرەهۆکارێکی ئاشکرا و ناسازگار ڕووی دەدەن. کەوابوو پلانەکەت بەردەوام بەپێی دۆخێکی کە تێیدای ڕێکبخە. لەبیرت نەچێ کە بەتەنیا نیت و بەردەوام پێویستە لەگەڵ هاوتیمییەکانت لەپەیوەندیدا بی.











Comments