top of page

Summer - Fall 2026

گەشتی هاوینی تیمی هەوارگە

"زاگرۆس" قەڵای نیشتمان؛ و لیستی بەرزترین لووتکەکانی کوردستان

  • Writer: دیاکۆ گەرمیانی
    دیاکۆ گەرمیانی
  • 2 days ago
  • 5 min read

گۆمی فێڵاو لە چۆمان - Fellaw Pond in Choman Kurdistan
گۆمی فێڵاو؛ جوانییەکی دەگمەن لە دڵی چیاکانی چۆمان و ناوچەی باڵەکایەتی، کە لەسەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هەڵکەوتووە.(وێنە: دیاکۆ گەرمیانی)

 زاگرۆس (Zagros Mountain ) ناسنامەی نەتەوەیەکە و خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژە. ئەم زنجیرەچیایە کە بە درێژایی خاکی کوردستان بەرینە، لە ڕووی مێژوویی، سروشتی و کلتوورییەوە یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی جیهان.

کورد هەمیشە دەڵێن، هیچ دوستێک جێگە لە چیاکان. بۆ کورد زاگرۆس و چیاکانی تەنیا بەرد و خاک نین؛ ئەو شاخانە مێژوو و ناسنامەمانن. زنجیرەچیای زاگرۆس، کە وەک گەوهەرێکی نایابی سروشتی بە درێژایی خاکی کوردستان کشاوە، لانکەی یەکەمین شارستانییەتەکانی مرۆڤایەتی بووە و شاهیدی هەموو هەوراز و نشێوەکانی مێژووی کوردان بووە.


واتای ناوی زاگرۆس


وشەی "زاگرۆس" مێژوویەکی کۆنی هەیە. هەندێک لە زمانناسان دەڵێن لە وشەی سۆمەری "زاگ" بە واتای (لەدایکبوون) و وشەی کوردی "ڕۆژ" پێکهاتووە، کە پێکەوە دەبنە "لەدایکبوونی خۆر". ڕەنگە هۆکارەکەی ئەمەش بگەڕێتەوە سەر ئەوەی دانیشتووانی ناوچەکە هەموو بەیانییەک بینیویانە خۆر لە پشت ئەم چیا بەرزانەوە هەڵدێت. هەروەها ڕایەکی دیکە هەیە کە دەڵێت ناوەکە ڕەگێکی ئاوێستایی هەیە.


زاگرۆس گەورەترین زنجیرەچیای کوردستانە، درێژییەکەی زیاتر لە ١٤٠٠ کیلۆمەترە و پاناییەکەی لە نێوان ٨٠ بۆ ١٢٥ کیلۆمەتردایە. زانایان دەڵێن ئەم زنجیرە چیایە بەهۆی بەریەککەوتنی دوو پلێتی گەورەی زەوی (عەرەبی و ئۆراسیایی) دروست بوون. ئەم پاڵنانە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، هەر بۆیە چیاکانی زاگرۆس ساڵانە بە بڕێکی زۆر کەم بەرەو بەرزبوونەوە دەچن.


وشەی "زاگرۆس" مێژوویەکی کۆنی هەیە. هەندێک لە زمانناسان دەڵێن لە وشەی سۆمەری "زاگ" بە واتای (لەدایکبوون) و وشەی کوردی "ڕۆژ" پێکهاتووە، کە پێکەوە دەبنە "لەدایکبوونی خۆر".


ئەم دیوارە زەبەلاحە کە درێژییەکەی زیاتر لە ١٤٠٠ کیلۆمەترە، وەک نەخشەی پیرۆزی کوردستان لە باکووری کوردستانەوە تا قووڵایی ڕۆژهەڵات و لوڕستان درێژ دەبێتەوە. هەر وەک ئاماژەی پێکرا پاناییەکەی لە نێوان ٨٠ بۆ ١٢٥ کیلۆمەتردایە، زاگرۆس باوەشی بە هەزاران دۆڵ، چەم و دەشتدا کردووە و وەک قەڵایەکی بێ کۆتایی بە درێژایی مێژوو ئەم خاکە دێرینە و دانیشتوانی پاراستووە و هەر لووتکەیەکی چیرۆکێکی مێژوویی تێدا شاراوەتەوە.


زاگرۆس؛ مۆزەخانەیەکی زیندوو و یەکەمین پایتەختی مرۆڤایەتی

زاگرۆس؛ مۆزەخانەیەکی سروشتییە کە یەکەمین ترپەکانی دڵی مرۆڤایەتی تێدا لێدراوە. مێژووی ژیان لەم ناوچەیەدا بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەشکەوتە تاریک و قووڵەکانی وەک "شانەدەر" بوونە گەرمترین و ئارامترین پەناگە بۆ مرۆڤە دێرینەکان. دۆزینەوەی پاشماوەی مرۆڤی (نیاندەرتاڵ) لە شانەدەر، کە مێژووەکەی بۆ ٦٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، جیهانی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی کە زاگرۆس خاڵی دەستپێکی کلتوورە. ئەو بەڵگانەی نیشانی دەدەن کە مرۆڤە دێرینەکانی ئەم چیایانە بە گوڵ و ڕێوڕەسمی تایبەت مردووەکانیان ناشتووە، پێمان دەڵێت کە لێرەوە یەکەم چەخماخەی ویژدان، خۆشەویستی و تێگەیشتن لە ژیان دروست بووە.


نزیکەی ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین، لە بناری ئەم چیا و دۆڵانەدا، مرۆڤ بۆ یەکەمجار فێر بوو چۆن سروشت دەستەمۆ بکات و تۆوی گەنم بچێنێت؛ ئەمەش بناغەی نیشتەجێبوون و دروستبوونی یەکەمین گوندەکانی جیهانی دانا. بەڵام داهێنانەکانی مرۆڤی زاگرۆس تەنیا لە گەنمدا نەوەستا؛ بەڵگە شوێنەوارەکان نیشانی دەدەن کە نزیکەی ٥٤٠٠ ساڵ پێش زایین، دانیشتووانی ئەم ناوچەیە هونەری دروستکردنی شەرابیان زانیوە. ئەمە پێمان دەڵێت کە مرۆڤی نیشتەجێی زاگرۆس هەر لەو سەردەمە دێرینانەوە، تەنیا بۆ مانەوە نەژیاوە، بەڵکو هەوڵی داوە چێژ لە بەرهەمەکانی سروشت وەربگرێت و ژیانێکی شارستانی و پێشکەوتوو بنیات بنێت.


Helgurd 3607m near Choman, Kurdistan Region - چیای هەڵگورد ٣٦٠٧ م باشووری کوردستان
وێنەی چیای هەڵگورد لە باشووری کوردستان بە بەرزایی٣٦٠٧ م - چۆمان (وێنە: دیاکۆ گەرمیانی)

ئەفسانە و نهێنییەکانی زاگرۆس


ئەگەر زاگرۆس زمانێکی هەبووایە بۆ قسەکردن، بێگومان چیرۆکی هەزاران ساڵ ململانێ و خۆشەویستی و ئازادیی بۆ دەگێڕاینەوە. لە کلتووری کوردیدا، هەر لووتکەیەکی زاگرۆس خاوەنی ڕۆح و چیرۆکی خۆیەتی. ئەم چیایانە پەناگەیەک بوون بۆ شۆڕشگێڕان و لانکەی ئەفسانە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ڵێرەدا ئاماژە بە چەند دانە لەم چیرۆک و ئەفسانە کۆنە کوردیانە دەکەم:


١. کاوەی ئاسنگەر و ئاگری زاگرۆس (ئەفسانەی نەورۆز)

بەناوبانگترین ئەفسانە کە بە لووتکەکانی زاگرۆسەوە بەستراوەتەوە، چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و زۆرداریی زوحاکە. دەوترێت کاتێک کاوە توانی کۆتایی بە زوڵمی زوحاک بهێنێت، لەسەر یەکێک لە لووتکە بەرزەکانی زاگرۆس ئاگری کردەوە بۆ ئەوەی مژدەی ئازادی بە هەموو گەلانی ناوچەکە بگەیەنێت. ئەمە ئەورۆکەش هەموو ساڵێک لە جەژنی نەورۆزدا دووپات دەبێتەوە و کوردان لەسەر لووتکەی چیاکانی زاگرۆس ئاگر دەکەنەوە بۆ وەبیرهێنانەوەیەک لە ئەم سەرکەوتنە مێژووییەی کە لە دڵی زاگرۆسدا ڕوویدا.


٢. لووتکەی شاهۆ و پیری شەلیار

چیای شاهۆ لە هەورامان شوێنێکی پیرۆزە بۆ کوردان و دانیشتوانی ناوچەکە. بەپێی ئەفسانە و چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان، شاهۆ شوێنی ژیان و عیبادەتی "پیری شەلیار" بووە. دەوترێت سروشتی ئەم چیایە هێندە پڕە لە وزە و سپیریتوالیسم، کە ساڵانە سەدان کەس بۆ ڕێوڕەسمە ئایینی و کلتوورییەکان ڕوو لە بنارەکانی دەکەن. شاهۆ لە شیعر و گۆرانییەکانی کوردیدا وەک "سۆڵتانی چیاکان" ناوی دەبرێت.


٣. پیرەمەگروون؛ پارێزەری سلێمانی

دەربارەی چیای پیرەمەگروون لە سلێمانی، چیرۆکی فۆلکلۆریی زۆر هەن. دەوترێت ناوی چیاکە لە ناوی پیاوێکی چاک و پیر (پیر مەگروون)ەوە هاتووە کە لەوێ ژیاوە. ئەفسانە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم چیایە وەک چاودێرێک وایە کە هەمیشە ئاگاداری شارەکەیە. هەروەها دەوترێت لە هەندێک لە ئەشکەوتەکانیدا پاشماوەی کەشتییەکەی نووح یان شتومەکی زۆر کۆن هەبوون، کە نیشانەی مێژوویی بوونی ئەم ناوچەیەیە.


٤. زاگرۆس وەک "تەنیا دۆستی کورد"

"هیچ دۆستێک جێگە لە چیاکان" بۆتە بەشێک فۆلکلۆری سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد. لە هەموو چیرۆکەکاندا، زاگرۆس وەک "دایک" یان "پەناگە" وێنا دەکرێت. کاتێک کوردان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراون، چیاکانی زاگرۆس باوەشیان بۆ کردوونەتەوە و پاراستوویانن. ئەم پەیوەندییە قووڵەی نێوان مرۆڤی کورد و بەردی زاگرۆس، وای کردووە کە چیاکان لە ئەفسانەکاندا وەک بوونەوەرێکی زیندوو و بەوەفا دەربکەون.



گۆمی فێڵاو لە چۆمان - Fellaw Pond in Choman Kurdistan


بەرزترین لووتکەکانی زاگرۆس


بۆ شاخەوانان و ئەوانەی عاشقی سروشتن،تاجە بەفراویەکانی لووتکە بەرزەکانی زاگرۆس وەک خەیاڵ و خولیایەکن بۆ شاخەوانی و سەرکەوتن بەسەریان دا. هەمو ساڵێک شاخەوان و وەرزشکاری کورد بەرەو چیا بەرزەکانی وەک "هەڵگورد"، "چیخی دەر" و"شاهۆ"  دەڕۆن بۆ وەرزشکردن. بۆ ئەوەی لەسەر لووتکەوە سەیری جوانییەکانی نیشتمان بکەن و دۆاتر لە داوێنیان بحەسێنەوە. هەندێکی لەو شاخە بەرزانە تەنانەت لە هاوینە هەرە گەرمەکانیشدا، بەفری سپی لە لووتکەیان ناتوێتەوە. کاتێک لەسەر لووتکەی "شاهۆ" یان "پیرەمەگروون" دەوەستیت، هەست بەو هێزە مەزنە دەکەیت کە بۆ هەزاران ساڵە ئەم نەتەوەیەی پاراستووە. لووتکە هەرە بەرزەکانی زاگرۆس ئەمانەن:


زانیاری زیارتر

نزیکترین شار

شوێنی جوگرافی

بەرزی (مەتر)

ناوی لووتکە

سەرچاوەی کاروون و زایەندەروودە.

شاریکورد

لوڕستان / بەختیاری

٤٢٢١ م

زەردکۆ

ناوچەیەکی شاخاویی سەخت و جوانە.

خۆی

باکووری ورمێ

٣٦٢٢ م

ئاورین

بەرزترین لووتکەی فەرمیی عێراقە.

چۆمان

سنووری باشوور و ڕۆژهەڵات

٣٦١١ م

چیخی دەر

ناسراوترین ناوەندی شاخەوانییە.

چۆمان

پارێزگای هەولێر

٣٦٠٧ م

هەڵگورد

پێویستی بە ئەزموون و ڕێبەر هەیە.

پیرانشار

سنووری ورمێ و هەولێر

٣٥٨٧ م

حاجی ئیبراهیم

ناوچەیەکی زۆر دوورەدەست و کێوییە.

قەڵادزێ

سنووری باشوور و ڕۆژهەڵات

٣٤٨٧ م

قەندیلی گەورە

بە ئەشکەوتە قووڵەکانی جیهان ناسراوە.

کرماشان

پارێزگای کرماشان

٣٤٠٥ م

پڕاو

"سۆڵتانی چیاکان"ی ناوچەی هەورامانە.

پاوە

نێوان سنە و کرماشان

٣٣٩٠ م

شاهۆ

لووتکەی تیژ و بەردینی لێژە.

خوڕەم ئاوا

پارێزگای لوڕستان

٣١٠٠ م

بڵبێد

سیمای ناسنامەی شاری سلێمانییە.

سلێمانی

پارێزگای سلێمانی

٢٦١١ م

پیرەمەگروون

زۆرترین گەشتیاری خێزانی ڕووی تێدەکەن.

شەقڵاوە

پارێزگای هەولێر

٢١٥٣ م

سەفین

ناوەندی گەشتیاری و تەلەفریکی لێیە.

ڕواندز

پارێزگای هەولێر

٢١٢٧ م

کۆرەک

دیواری بەردینی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە.

دەربەندیخان

سنووری هەڵەبجە و کرماشان

١٨٤٠ م

بامۆ


* ڕ استکردنەوە: زۆرجار دەوترێت هەڵگورد بەرزترینە، بەڵام لە ڕاستیدا چیخی دەر (Cheekha Dar) کە کەوتووەتە سەر سنووری حاجی ئۆمەران، نزیکەی ٤ مەتر لە هەڵگورد بەرزترە.



لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم كە زاگرۆس و چیاکانی بڕبڕەی پشتی نەتەوەیەکن کە بۆ هەزاران ساڵە لەگەڵ بەرد و تاشەبەردەکانی پەیمانی وەفای بەستووە. پاراستنی ئەم چیایانە، پاراستنی مێژوو و وەروەها ژینگەی داهاتووی نەوەکانمانە. هەر کاتێک کە بەرەو لووتکەکان هەنگاو دەنێیت، لەبیرت بێت تۆ لەسەر خاکێک دەڕۆیت کە لانکەی یەکەمین شارستانییەتەکانی جیهان بووە. پاراستنی ژینگە و چیاکانی زاگرۆس ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردە.



سەرچاوەکان


  • ئەشکەوتی شانەدەر: زانیارییەکانی پەیوەست بە نیاندەرتاڵ و مێژووی ٦٥ هەزار ساڵە، لە توێژینەوەکانی شوێنەوارناس ڕاڵف سۆلێسکی (Ralph Solecki) و نوێترین توێژینەوەکانی زانکۆی کامبریج و لیڤەرپوول وەرگیراون.


  • کشتوکاڵ و شەراب: توێژینەوەکانی زانکۆی پێنسلڤانیا (وەک دکتۆر پاتریک مەکگۆڤەرن) کە لەسەر ناوچەی "حاجی فەیروز" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامیان داوە، سەلمێنەری دێرینیی شەراب و کشتوکاڵن لە زاگرۆس.


  • بەرزیی لووتکەکان: زانیارییەکانی پەیوەست بە بەرزیی لووتکەکانی وەک دێنا، زەردکۆ و هەڵگورد لە داتا کێڵگەیییەکانی دامەزراوەی جیۆلۆجیی ئێران (GSI) و نەخشەسازیی سەربازیی عێراق وەرگیراون.


  • پێکهاتەی زەوی (Geology): زانیاری دەربارەی پلێتەکانی عەرەبی و ئۆراسیایی لە توێژینەوە جیۆلۆجییەکانی ناسا (NASA Earth Observatory) و گۆڤارە زانستییەکانی وەک Nature دەربارەی دروستبوونی چیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرگیراون.


  • زانیارییە کلتووری و ئەفسانەیییەکان بەشێکی زۆریان لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی و کتێبەکانی مێژووی کورد (وەک شەرەفنامە و مێژووی ئەدەبی کوردیی عەلائەدین سەجادی) وەرگیراون.






 
 
 

Comments


bottom of page