تەگەری ٢٧.٥ یان ٢٩ بۆ دووچەرخەی شاخ؟
- دیاکۆ گەرمیانی

- Feb 16
- 2 min read

کاتێک دەچیتە فرۆشگایەکی دووچەرخە، یەکەم پرسیار کە ڕووبەڕووت دەبێتەوە ئەوەیە: "چ قەبارە تەگەرێکت دەوێت؟ ٢٦، ٢٧.٥ یان ٢٩ ئینج؟" پێشتر بژاردەکان کەم بوون، بەڵام ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا جیهانی پاسکیلسواری گۆڕیوە. هەڵبژاردنی قەبارەی گونجاو کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر خێرایی، کۆنتڕۆڵ و ئەو چێژەی لە وەرزشەکە وەریدەگریت.
"چ قەبارە تەگەرێکت دەوێت؟ ٢٦، ٢٧.٥ یان ٢٩ ئینج؟"
لێرەدا بە گشتگی باسی ئەو قەبارە جیاوازەکانی تەگەری دووچەرخەی شاخ دەکەین:
١. تایەی ٢٦ ئینج (کلاسیک و چالاک)
بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەمە تەنها قەبارەی ستاندارد بوو بۆ هەموو دووچەرخە شاخییەکان. هەرچەندە ئەمڕۆ قەبارەی گەورەتر باو بووە، بەڵام ٢٦ ئینج هێشتا لایەنگری خۆی هەیە.
سوودەکان: زۆر سووکە و وەڵامدانەوەی خێرایە (Responsiveness). بۆ ئەو شوێنانەی پێچی زۆریان تێدایە و پێویستیان بە مانۆڕی خێرا هەیە، ئەم قەبارەیە بێ وێنەیە.
بۆ کێ گونجاوە؟ بۆ منداڵان، کەسانی کورتەباڵا، یان ئەوانەی چێژ لە پاسکیلسواری سەر شەقام و بازدان وەردەگرن.
٢. تایەی ٢٧.٥ ئینج (650b) (هاوسەنگی نێوان دوو جیهان)
ئەم قەبارەیە وەک "باشترین چارەسەر" سەیر دەکرێت، چونکە دەکەوێتە نێوان ٢٦ و ٢٩ ئینج. هەوڵدەدات خێرایی ٢٩ و چالاکی ٢٦ تێکەڵ بکات.
سوودەکان: لە تایەی ٢٦ ئاسانتر بەسەر ئاستەنگەکاندا (بەرد و ڕەگی دار) دەڕوات، لە هەمان کاتدا لە تایەی ٢٩ سووکترە و کۆنتڕۆڵکردنی لە پێچەکاندا ئاسانترە.
بۆ کێ گونجاوە؟ بۆ ئەو سوارچاکانەی دەیانەوێت پاسکیلەکەیان هەم خێرا بێت و هەم لە کاتی پێچەکاندا کۆنترۆل کردنی ئاسان بێت.
٣. تایەی ٢٧.٥+ ئینج (نەرمی و جێگیری زیاتر)
هێمای "پڵەس" (+) لێرەدا بەواتای تایەی زۆر پان دێت (زۆربەی کات ٢.٨ ئینج یان زیاتر لە پانی).
سوودەکان: بەهۆی پانییەکەیەوە، هەڵخلیسکانی کەمترە و جێگیرییەکی سەرسوڕهێنەر بە سوارچاکەکە دەبەخشێت. ئەم تەگەرانە زۆر نەرمترن و هەڵەی سوارچاکەکە دەپۆشن (Forgiving ride)، چونکە ڕووبەرێکی زۆری زەوییەکە دەگرن. جار وایە بە کم کردنەوەی هەوای نێو تەگەری + دەتوانی هەندێک حاڵەتی فەنەری زیاتر بە دووچەرخەکە ببەخشی و لێخۆرینی نەرمتر دەبێت.
بۆ کێ گونجاوە؟ بۆ سەرەتاییەکان کە دەیانەوێت هەست بە سەلامەتی و جێگیری بکەن، یان بۆ ڕێگای زۆر قوڕ و لیتە، بەفراوی و لمەڵانەکان.
٤. تایەی ٢٩ ئینج (29ers) (پاشای خێرایی و تێپەڕاندنی ئاستەنگ)
ئەم قەبارەیە شۆڕشێکی لە جیهانی پاسکیلسواریدا دروست کردووە، بە تایبەت لە پێشبڕکێکانی کڕاس-کەنتری (Cross-country).
سوودەکان: هەرچەندە کێشیان کەمێک قورسترە و درەنگتر خێرا دەبن، بەڵام کاتێک کەوتنە جوڵە، هیچیان پێ ڕاناگات! بەهۆی گەورەیی قەبارەکەیانەوە، "گۆشەی هێرشکردنیان" (Attack Angle) بەرزترە، ئەمەش واتە زۆر بە ئاسانی بەسەر بەرد و چاڵەکاندا دەڕۆن بەبێ ئەوەی پاسکیلەکە بوەستێنن. هەروەها گرتنی (Grip) یەکجار زۆرە.
بۆ کێ گونجاوە؟ بۆ ئەوانەی دەیانەوێت مەودای زۆر ببڕن، خێراییان بەرز بێت و کەمتر هەست بە زبریی ڕێگاکە بکەن.
کۆتایی: کامەیان هەڵدەبژێریت؟
هەڵبژاردنی قەبارەی تایە پەیوەندی بە ستایلی لێخوڕینت و ئەو شوێنەوە هەیە کە لێی دەخوڕیت. ئەگەر حەزت لە خێرایی و بڕینی مەودای درێژە، ٢٩ ئینج بۆ تۆیە. ئەگەر حەزت لە یاری و مانۆڕ و پێچی زۆرە، ٢٧.٥ ئینج هەڵبژێرە.
تایبەتمەندی | ٢٧.٥ ئینج | ٢٩ ئینج |
|---|---|---|
خێرا بوون | خێراتر دەست پێ دەکات | درەنگتر بەڵام خێرایی دەپارێزێت |
مانۆڕ و پێچ | زۆر چالاک و سووکە | جێگیر و ئارامە لە خێرایی زۆردا |
تێپەڕاندنی بەرد | پێویستی بە هەوڵی زیاترە | وەک بلدۆزەر بەسەریدا دەڕوات |
کێشی گشتی | سووکترە | قورسترە |
باشترینە بۆ: | بازدان و ڕێڕەوی تەسک | مەودای درێژ و ڕێڕەوی زبر |











Comments