ئەو هەڵانە مەکە
- دیاکۆ گەرمیانی

- Feb 13
- 2 min read

دووچەرخەسواری کوێستان وەرزشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشە کە هەستێکی بێ وێنەت پێ دەبەخشێت. تێکەڵەیەکە لە خۆڕاگری و ئیندورانس، تەرکیزی یان فۆکوس و پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ سروشت. بەڵام وەک کەسێکی سەرەتایی، ڕەنگە تووشی هەندێک هەڵەی باو ببیت کە ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەوتنت دروست دەکەن یان بۆی هەیە ببنە هۆی وەی سەدەمە ببینی. ئەم بابەتە تیشک دەخاتە سەر ئەو هەڵانە و ئامۆژگاریت دەکات چۆن لێیان دوور بکەویتەوە.
١. ڕێکخستنی غەلەتی دووچەرخەکەت (Incorrect Bike Setup)
یەکێک لە باوترین هەڵەکان ئەوەیە کە دووچەرخەکە بە شێوەیەکی گونجاو بۆ جەستەی سوارچاکەکە ڕێک نەخرابێت. ڕێکخستنی هەڵە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و تەنانەت جار جار ڕووداوی ناخۆشیش. بۆ نموونە: ئەگەر کورسییەکە زۆر بەرز یان زۆر نزم بێت، کار دەکاتە سەر ئەوەی چەندە وزە بەکار دێنی بۆ لێخوڕین و یان ئەوەیکە چەندەت کۆنتڕۆڵ بەسەر دووچەرخەدا هەیە.
چارە؟ دڵنیابە کە قەبارەی پاسکیلەکە لەگەڵ باڵا و جەستەت دەگونجێت. کورسییەکە بە جۆرێک ڕێکبخە کە کاتێک قاچت لە نزمترین خاڵی پێداڵەکە دایە، ئەژنۆکانت کەمێک نوشتابنەوە . هەروەها دەسکی پاسکیلەکە (Handlebars) دەبێت لە بەرزییەکدا بێت کە بەبێ ماندووبوونی زۆر دەستت پێیان بگات.

٢. پشتگوێخستنی کەرەستەکانی سەلامەتی (Neglecting Safety Gear)
دووچەرخەسواری شاخ دەکرێت مەترسیدار بێت بەهۆی ناڕێکی زەوییەکە و خێرایی زۆرەوە. سەرەتاییەکان زۆرجار بایەخی کەرەستەی سەلامەتی پشتگوێ دەخەن.
چارە؟ هەمیشە کڵاوێکی (Helmet) تایبەت بە دووچەرخەسواری شاخ بپۆشە، چونکە ئەم جۆرە کڵاوانە پارێزگاری زیاتر لە بەشی پشتەوەی سەر دەکەن بە بەراورد بە کڵاوی دووچەرخەی سەر جادە. جگە لەوەش، دەستکێش بەکاربهێنە بۆ گرتنی باشتر و پاراستنی دەستەکانت، هەروەها پارێزەری ئەژنۆ (Knee pads) و چاویلکە بۆ پاراستنی چاو لە تۆز و خۆڵ.
٣. نەبوونی کارامەیی بنەڕەتی (Lack of Basic Skills)
هەندێک کەس یەکسەر دەچنە سەر ڕێڕەوە قورسەکان (Trails) پێش ئەوەی کارامەییەکانی وەک: برێکگرتنی دروست، گۆڕینی گێر بە نەرمی، یان سوڕانەوە لە پێچەکاندا فێرببن.
چارە؟ پێش ئەوەی بچیتە سەر ڕێڕەوە سەخت، کات تەرخان بکە بۆ فێربوونی ئەم کارامەییانە لە شوێنی تەخت و ئاسان. تەمرین کلیلی سەرکەوتنە - پەلە مەکە لە پرۆسەکەدا. شارەزایی لەم تکنیکە سەرەتاییانە متمانە و سەلامەتیت زیاد دەکات.

٤. متمانەبەخۆبوونی زۆر (Overconfidence)
هەرچەندە متمانەبەخۆبوون گرنگە، بەڵام متمانەی زۆر لەڕادەبەدەر دەبێتە هۆی مەترسی بێ پاساو و ڕووداوی ناخۆش. زۆرجار سەرەتاییەکان دوای فێربوونی چەند شتێکی کەم، دەچنە سەر مەسیرێک کە لە ئاستی ئەوان بەرزترە.
چارە؟ هەمیشە لەگەڵ خۆت ڕووڕاست بە. لە کوردە نامووسێ مەکەوە و بە پێی تواناکانی خۆت ڕێگایەک هەڵبژێرە کە لەگەڵ ئاستی ئێستات دەگونجێن. هەنگاو بە هەنگاو قورسییەکە زیاد بکە.
٥. ڕێزنەگرتن لە یاساکانی ڕێگاکان (Trail Etiquette)
ڕێگاکانی دووچەرخەسواری شاخ شوێنی گشتین و خەڵکی دیکەشی لێێە. خەڵک دێن بۆ پیاسە و هەندێکجار ئاژەڵیشی ڕەنگە لێبێ. پێشوەی بڕۆیە شۆنێک بۆ دووچەرخەسواری یاسانی ئەو شۆنە بخوێنەوە و ڕێزیان لێ بگرە و حەول بدە خۆ بپارێزی لە زیان گەیاندن بە ژینگە.
چارە؟ هەمیشە ڕێگا بدە بەو کەسەی کە بە هەورازدا (بەرەو سەرەوە) دێت ئەگەر تۆ بەرەو خوارەوە دەهاتیت. ڕێز لە پیادەڕۆ و ئەسپ سوارەکان بگرە. هەرگیز لە ڕێگا دیاریکراوەکان مەچۆ دەرەوە بۆ ئەوەی زیان بە سروشت و ڕووەکەکان نەگەینیت.

کۆتایی
دووچەرخەسواری شاخ وەرزشێکی سەرنجڕاکێشە کە چێژ و تەحەدی بێ کۆتایی پێشکەش دەکات. وەک کەسێکی سەرەتایی، دوورکەوتنەوە لەم هەڵە باوانە نەک تەنها چێژی لێخوڕینەکەت زیاد دەکات، بەڵکو سەلامەتیت لەسەر ڕێگاکە مسۆگەر دەکات. بیرت بێت هەمووان ڕۆژێک سەرەتایی بوون، بۆیە ئەگەر هەڵەت کرد نائومێد مەبە؛ گرنگ ئەوەیە لێیانەوە فێر بیت، مەشق بکەیت و چێژ لە هەموو ساتێکی گەشتەکەت وەربگریت!











Comments