کەرەستە سەرەکییەکان لە شاخەوانیی ئاڵپیدا
- سامان حەسەنخاڵی

- 2 days ago
- 4 min read
Updated: 2 days ago

شاخەوانیی ئاڵپی بەو تۆڕە شاخەوانییانە دەکوترێت کە لە بەرزاییەکانی نێوان سێ هەزار بۆ چوار هەزار میتر یان بەرزتر بەڕێوە دەچێت و ڕێگاکەیان بەفر، سەهۆڵ یان یەخچاڵی سروشتی تێدایە. لەو جۆرە شاخەوانییەدا جگە لە کەرەستە ئاساییەکانی شاخەوانی، پێویستمان بە کۆمەڵێک کەرەستەی تایبەتی دیکە وەکوو کرامپۆن، تەوەر یان قوڵینگ، کڵاو، هارنێس و پێڵاوی تایبەتی شاخەوانی هەیە کە لێرەدا بەکورتی ئاماژەیان پێ دەکەم.
پێڵاو
پۆلی A-B ئەو پێڵاوانە بۆ گەشتێکی سادەی چیاوانی دانراون و لەبەر ئەوەی بنێکی نەرمیان هەیە و کڕامپۆن بە دڵنیاییەوە پێوەیان بەند نابێت بۆ شاخەوانیی ئاڵپی گونجاو نین. جگە لەوەش زۆر لەبەرامبەر سەرما و تەڕاییدا خۆ ڕاگر نین. | پۆلی B-C پێڵاوەکانی پۆلی B-C بۆ تۆڕی ئاڵپیی سادە تا مامناوەندی گونجاون. بنێکی پتەویان هەیە؛ لە بەرامبەر تەڕی و سەرمادا خۆڕاگرترن و کڕامپۆن بە دڵنیاییەوە لێیان دەبەسرێتەوە. بۆ ئەو پێڵاوانە کرامپۆنی نیوە ئۆتۆمات بەکاردێت، بەوجۆرە کە کڕامپۆنەکە لەدواوە بە نوێڵێک و لە پێشەوەش بە بەسکێتێکی پلاستیکی لە پێڵاوەکە دەبەسترێتەوە. | پۆلی D ئەو پێڵاوانە تایبەت بۆ شاخەوانیی ئاڵپی و چیابەرزەکان لەپێ دەکرێن. زۆر پتەو و خۆڕاگرن؛ تایبەت بۆ سەرکەوتن بەسەر بەرد و سەهۆڵ و بۆ کرامپۆنی تەواو ئۆتۆمات دەبن. |
کڕامپۆن

کڕامپۆن لە شاخەوانیی ئاڵپیدا زۆر گرنگە! هەڵبژاردنی کرامپۆنێکی گونجاو پێوەندی ڕاستەوخۆی بە جۆری پێڵاوەکەمان و ڕێگەی ئەو شاخە هەیە کە لێی سەردەکەوین. کڕامپۆن پێوەندیی نێوان شاخەوان و شاخە. بەهۆی ئەوەی کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی شاخەوان لەکاتی ڕێگاڕۆیشتن یان سەرکەوتن دادەنێت، پێویستە بە تەواوی و دروستی لە پێڵاوەکەدا جێگیر بیت و لێی ببەسرێتەوە. کڕامپۆنەکان ١٠ یان ١٢ ددانیان هەیە کە بەپێی شوێنی بەکارهێنان، ژمارە و شێوازی ددانەکان و سیستمی بەستنەوەی جیاوازیان هەیە.
چز یان ددانەکانی پێشەوە
بەو دوو ددانەی پێشەوەی کرامپۆن دەکوترێت کە بە پێی جۆری کڕامپۆنەکە یان سافە یان وەک مشار دچ دارە. ئەو کڕامپۆنانەی کە ددانی پێشەوەیان سافە زۆرتر بۆ ڕێگاڕۆیشتن بەسەر بەفر و یەخچاڵ و سەهۆڵدا بەکار دێن و ئەوانەی کە ددانەکانی پێشەوەیان وەک مشار وایە تایبەت بۆ سەرکەوتن بەسەر سەهۆڵدا لەکار دەکرێن.
سیستمی بەستنەوەی کڕامپۆنەکان
بەسکێتی پلاستیکی لە پێشەوە و لە دواوە ئەو کرامپۆنانە لە زۆربەی پێڵاوەکانی شاخەوانی تەنانەت پێڵاوە سادەکانیش دەبەسرێنەوە و بۆ ڕێگاڕۆیشتن یان سەرکەوتنێکی سادە بەسەر بەفر و یەخچاڵدا لەکار دەکرێن. | بەسکێتی پلاستیکی لە پێشەوە و نوێڵ لە دواوە بە شێوەیەکی نیوە ئۆتۆمات لە پێڵاوەکانی پۆلی B و C دەبەسرێنەوە کە لە پشتەوە شوێنی تایبەت بۆ نوێڵیان بۆ دابینکراوە. ئەو کرامپۆنانە بۆ تۆڕێکی ئاڵپیی کلاسیک یان مامناوەندی زۆر گونجاون. | چوارچێوە یان فرەیم لە پێشەوە و نوێڵ لە دواوە ئەو سیستمە قایمترین سیستمی بەستنەوەی کڕامپۆنە. ئەو کڕامپۆنانە بە شێوەیەکی تەواو ئۆتۆمات تەنیا لە پێڵاوی پۆلی C و D دەبەسرێنەوە کە شوێنی تایبەت بۆ بەستەنەوەی کڕامپۆنیان لە پێش و لە دواوە بۆ دابینکراوە. هەروەها بۆ هەمووجۆرە تۆڕێکی ئاڵپی گونجاون. |
پەڕە یان وەرەقی دژە بەفر
پەڕەی دژە بەفر بۆ هەموو کڕامپۆنێک پێویستە. ئەو پەڕەیە لەڕاستیدا ناهێڵێت بەفر بە بنی پێڵاوەکەوە بنووسێت و شاخەوان لە مەترسیی هەڵخلسیکان و بەربوونەوە لەسەر یەخچاڵ دەپارێزێت. کڕامپۆن بەبێ پەڕەی دژە بەفر دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت. بەتایبەت لەکاتی هاتنەوەخوار لە شاخ، کاتێک بەفرێکی زۆر بە بنی پێڵاوەکەوە نووسابێت.
بۆ پاراستن و ئاگاداری لە کڕامپۆن ئەو خاڵانە لەبەرچاو بگرە
١. خاوێنکردنەوە و وشککردنەوەی کڕامپۆن: دوای هەر بەکارهێنانێک، کڕامپۆنەکان لە گڵ و تەڕی پاک بکەوە و دواتر وشکیان بکەوە هەتا ژەنگ نەهێنێت.
٢. تیژڕاگرتنی ددانەکان: ددانەکانی کرامپۆن دەبێت هەمیشە تیژ بن. ئەگەر ددانەکان کول بووبن، بە دروستی لە بەفر یان سەهۆڵدا گیر ناکەن و ئەوەش جێیگەی مەترسییە.
٣. پشکنینی بەند و سیستمی بەستنی کڕامپۆن: پێش هەر گەشتێک کڕامپۆنەکە تاقی بکەوە. بەند و نوێڵ و پێچ و پەڕەی دژە بەفری کڕامپۆنەکە بپشکنەوە. ئەگەر شکاون، شل بوونەوە یان کۆنە بوون، دەبێت بگۆڕدرێن یان چاک بکرێنەوە.
قوڵینگ
لە شاخەوانیی کلاسیکدا، قوڵینگی کلاسیک (ئەو قوڵینگانەی کە ڕاستن) بەرکار دەهێنرێن و لە ئاڵپنیزم و گەشتە فەننی و سەختەکاندا قوڵینگی فەننی (ئەو قوڵینگانەی کە هێندێک خوار بوونەوە و لە تەوەری سەهۆڵ دەچن). قوڵینگی فەننی کێشی کەمترە و بۆ سەرکەوتن بەسەر بەرد و سەهۆڵدا باشتر و ئاسانتر بەکاردێن.
لێرەدا جیاوازیی نێوان قوڵینگی کلاسیک و فەننی بەئاشکرا دیارە. قوڵینگ دەبێ بەپێی پلان و شوێنی بەکارهێنان، جیاواز بێت. بۆ نموونە ئەگەر قەرارە کاری تکنیکی بکەیت واباشترە قوڵینگی فەننی لەگەڵ خۆت بەریت.
درێژایی قوڵینگ زۆر گرنگە و بۆ زۆر کەس جێی پرسیارە کە قوڵینگی شاخەوانی دەبێ چەندە درێژ بێت (لێرەدا مەبەست ئەو قوڵینگەیە کە بۆ ڕێگاڕۆیشتن بەسەر بەفر و یەخچاڵا بەکاردێت نەک تەوەری سەهۆڵ یان قوڵینگێکی چکۆلە و فەننی). درێژایی قوڵینگ پێوەندی بە بەرزیی جەستەوە هەیە. کاتێک قوڵینگەکە لەپەنای خۆت بە دەستەوە دەگریت، دەبێ نوکی قوڵینگەکە بگاتە قاچ یان سەرەوەی پێڵاوەکەت.

هارنێس لە شاخەوانیی ئاڵپیدا
بۆ شاخەوانیی ئاڵپی یان بەگشتی شاخەوانی کردن لە بەرزاییەکان دەتوانن هارنێسێکی ئاسایی یان هارنێسی فەننی و تایبەت بۆ بەرزاییەکان بەکاربێنن. مەبەست لە هارنێسی تایبەت بۆ بەرزایی ئەو هارنێسانەن کە کێشیان زۆر کەمە و لە کۆڵەپشتیدا زۆر جێی ناگرن. هەروەها شێوەی لەبەرکردن و بەستنەوەشیان ئاسانتر و جیاوازە.
لەکاتی کڕین، هارنێسێک هەڵبژێرن کە بتوانن بە ئاسانی و بەبێ دەرهێنانی کڕامپۆنەکانتان لەبەری بکەن و لەلای چەپ و ڕاستی هارنێسەکە شوێنی هەڵواسینی کەلوپەلی فەننی بۆ دابین کرابێت.
هێڵمت یان کڵاوی پاراستن
هێڵمت یان کڵاوی پاراستن لە شاخەوانیی ئاڵپیدا زۆر گرنگە و هەروەک هارنێس و قوڵینگ و کڕامپۆن یەکێکە لەو کەرەستە سەرەکییانە کە دەبێت هەمیشە پێمان بێت. بەپێی گەرمبوونی کەش و هەوا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و داڕووخانی بەرد و سەهۆڵ لە شاخەکان، پێویستە بۆ بەرگری کردن لە سەرمان هەمیشە کڵاوی پاراستنمان لەسەردا بێت.
کڵاوی پاراستن قورس نیە و بەپێچەوانەوە زۆر سووکە. بۆ نموونە مۆدێلی Petzl Sirocco کە کێشەکەی تەنیا ١٧٠ گڕامە هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە بۆ شاخەوانیی ئاڵپی.

لایتی سەر
چرایەکە کە لە کڵاوی پاراستن یان لە سەر دەبەسرێت و یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی شاخەوانی. لە شاخەوانیی ئاڵپیدا زۆربەی سەرکەوتنەکان لە تاریکی و لە شەودا دەست پێدەکەن یان لەگەڕانەوەدا زۆر جار لەگەڵ تاریکی و شەو ڕووبەڕوو دەبێوە، هەر بۆیە نەبوونی لایتی سەر لەو بارودۆخانەدا دەتوانێت کێشە خوڵقێن و مەترسیدار بێت.












































Comments