پلان داڕشتن بۆ شاخەوانی
- سامان حەسەنخاڵی

- Nov 26, 2025
- 2 min read

هەرچەندی بەوردی خۆت بۆ گەشتێکی شاخەوانی ئاماده بکەی، هەر بەو ڕادەیەش کەمتر لەشاخ لەگەڵ شتی چاوەڕواننەکراوە ڕووبەڕوو دەبێوە. هەربۆیە پێویستە تا ئەو جێگایەی دەتوانیت زانیاری کۆ بکەیتەوە بۆ ئەوەی بتوانی پلانێکی دروست دابڕێژی. پلانێک کە بە وردی ئامادەکاری بۆ کرا بێت و بتوانی پێڕەوی لێ بکەیت، بەهۆی وەیکە ئەو پلانە دەبێتە بنەمای سەفەرەکەت. ئاگادار بە کە زۆربەی هەڵەکان لە شاخەوانیدا یان دەگەڕێنەوە سەر پلان داڕشتنی هەڵە یان دروست هەڵنەسەنگاندنی تواناییەکان.
پلان داڕشتن هەر لە سەرەتاوە بە دیاریکردنی شوێنێکی گونجاو و دڵخوازی خۆت دەست پێدەکات. لەبیرت نەچێ کە لێرەدا دەبێ زیاتر تواناییەکانی خۆت لەبەرچاو بێت تا ویست و ئارەزووکانت. گەورەترین ململانێ لێرەدا هەڵسەنگاندی دروستی خۆت و تواناییەکانتە. ئەگەر خۆت بە تەنیای، ڕادەی تواناییەکانی خۆت لەبەرچاو بێت. ئەگەریش پلان بۆ گروپێک دادەڕێژی، بێگومان ئەوە زۆر سەختترە. چون ئەوکات دەبێ توانایی هەموو ئەندامانی گروپەکە هەڵسەنگێنی.
لەپلانەکەتدا فەزایەک بۆ قایمکاری و کاتی ئیزافی بهێڵەوە و لەکاتی دوودڵ بوون دا ئامانجی چکۆلەتر هەڵبژێرە. گۆڕانی کەش و بارودۆخی ڕێگاکە لەبەرچاو بگرە. گەشتێکی زۆر هاسان دەتوانێ لە کەشێکی خراپدا ببێت بە کارەسات.
لەسەر ئینتێرنێت دەتوانی زانیارییەکی زۆر لەسەر شاخەکان بەتایبەت ڕێگاکان و کەشو هەوا کۆ بکەیەوە. وێنە، نەخشە یان GPS و تەنانەت ئەزموونی شاخەوانان یان کەسانێکی کە پێش تۆ بەسەر ئەو شاخەدا سەرکەوتوون، بەشێکی دیکە لەو زانیارییانەن. ئەگەر زانیاری جۆراوجۆر و جیاوازت کۆ کردۆتەوە دەبێ بتوانی بیانپاڵێوی! بەهۆی وەیکە ئەزموونی شاخەوانەکان جیاوازن و هەرکەسەی بەشێوەی خۆی و لە دۆخێکی جیاوازدا شاخەوانی دەکات. لە وێنەکان و نەخشەی ڕێگای شاخەکە خاترجەم بە کە تازەن!
ئەگەر لە چوارچێوەی تیمێکدا سەفەر دەکەی، دانیشتنێکی گەرم و خۆمانی لەگەڵ ئەندامانی تیم شەوێک پێش گەشتەکە دەتوانێ ئەندامانی تیمەکە لەسەر دۆخی گەشتەکە ئاگادار بکاتەوە. لێرەدا دەتوانن بەبێ شەرم کردن باس لە خاڵە بەهێز و لاوەزەکانی یەکتر و مەترسییەکانی گەشتەکە بکەن.
کاتێک پێت گەیشتە شاخ:
پلانەکەت نوێ بکەوە. سەرنج دان و وشیار بوون لێرەدا زۆر پێویستە.
لەگەڵ ڕێبەرانی بەرنامەکە یان خەڵکی ناوچەکە قسە بکە، ڕەنگە بتوانی زانیاری تازە و گرینگیان لێ وەربگری.
ئاگاداری گۆڕانی بارودۆخی کەش و هەوا و ڕێگاکەت بە.
ڕەنگە لە کاتی گەشتەکەدا چەند پرسیارێکی گرینگ بێ لە زەینتەوە:
هەوا ئەوجۆرەیە کە پێشبینی بۆ کرابوو؟
زەمان ئەوجۆرەیە کە پلانت بۆ داڕشتبوو؟
بارودۆخی ڕێگا چۆنە؟
پلانەکە هەنگاو بە هەنگاو ئەوجۆرەی داڕشتراوە دەچێتە پێش؟
لێرەدا ئەگەر ئەو پرسیارانەت بۆ وڵام نەدراوە یان پلانەکەت گۆڕدرا، دەبێ کاردانەوەیەک نیشان بدەیت. زۆربەی ڕووداوە ناخۆشەکان لە ڕووی هۆکاری ئاشکراوە ڕوودەدەن! زۆرجار ناچاری پلانەکەت بەردەوام نوێ بکەیەوە و بەپێی ئەو بارودۆخەی کە تێیدای بیگۆڕی. ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەندامانی تیم و بەیەکەوە بڕیاردان زۆر پێویستە و لە مشتومڕ و بەگژیەکترداچوون دەتانپارێزێ.
دواگەشت، دەسپێکی گەشتێکی ترە...
لەدوای هەر گەشتێکیش کاتێک دەگەیەوە ماڵێ پێویستە لە دەرفەتێکدا تاوتوێی گەشتەکە بکەی و چەن پرسیارێک لەخۆت بکەی. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانی زیاتر و باشتر خۆت یان تیمەکەت هەڵسەنگێنی و پلانەکانت بە وردی دابنێی.
ئاخۆ گەشتەکە هەر بەوجۆرە و لە کاتی خۆیدا ئەنجام درا کە پلانت بۆ داڕشتبوو؟
ئاخۆ گەشتەکە ئەو تایبەتمەندییانەی تێدابوو کە پێشتر وێنات دەکرد؟
خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی گەشتەکە چ بوون؟
ئاخۆ بابەتێک یان شتێکی گرینگ و تایابەت هەبوو کە لەپلانەکەتدا لەبەرچاوت نەگرتبوو؟
ئاخۆ گەشتەکە هیچ کێشەی نەبوو و بەڕاستی توانیت چێژی لێ ببەی؟ ئەگەر نا، چ شتێک باش نەبوو یان ئازاری دای؟












Comments