top of page

Summer - Fall 2026

گەشتی هاوینی تیمی هەوارگە

چ لەبەر بکەین بۆ شاخ؟

  • Writer: سامان حەسەنخاڵی
    سامان حەسەنخاڵی
  • Jan 18
  • 4 min read

Updated: Jan 27


لەبەرکردنی جلوبەرگێکی گونجاو بۆ شاخ دەبێتە هۆی ئەوەیکە چێژێکی زیاتر لە گەشتەکە ببەیت. هەر شاخەوانێک دەبێت "مۆدێلی جلوبەرگی تایبەتی خۆی" بدۆزێتەوە. ئەوەیکە جنسی جلەکەمان لە پەشمی دەستکرد (پۆلار)، لۆکە، پۆلیستەر یان گۆرتێکس بێت، بەپێی بارودۆخ جیاوازە. لەناو ئەو هەموو مارک و ماتریالەی کە ئەوڕۆکانە لە بازاڕدا هەیە واباشترە بەرلەوەیکە جل و بەرگ بکڕن، فرۆشگایەک یان ڕاوێژکارێکی پسپۆر بدۆزنەوە و ڕێنوێنی لێ وەربگرن.


پرەنسیپ یان یاسای "پیواز"


سەرما، باران، با، خۆر و ئارەقە کردن؛ ئەو فاکتەرانەن کە شاخەوان لە شاخ دەبێت لەبەرامبەریاندا بەباشی خۆڕابگرێت. پرەنسیپی پیواز باس لە لەبەرکردنی چەند چین جلی جیاواز بە جنس یان ماددەی جیاواز لە کەش و هەوای جیاوازدا دەکات. واتە بتوانین وەکوو پیواز بە چەند چینی جیاواز خۆمان داپۆشین و بەپێی کەش یان ساردی و گەرمیی جەستەمان چینەکان بگۆڕین.



  1. چینی یەکەم (Base Layer) - بۆ کۆنترۆڵی گەرمی و تەڕیی جەستە


چینی یەکەم ئەرکێکی سەخت و گرنگی هەیە. ئەو چینە یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی تینی جەستەت لە گەرما و سەرمادا زۆر نەگۆڕدرێت. بەجۆرێک کە جەستەت لەگەرمادا فێنک و لەسەرماشدا گەرم ڕادەگرێت. جنسی ئەو چینە دەبێ جۆرێک بێت کە دوای تەڕبوون (کاتێک کە ئارەقەی دەکەیت) زوو وشک ببێتەوە. سەرەڕای ئەوەش دەبێ تەنگ بێت و بە لەشتەوە بنووسێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکی خۆی بەدروستی بەجێ بێنێت. لەبەرکردنی ئەوجۆرە جلانە بەتایبەت لەشاخ بەهۆی ئەوەیکە جنسەکەیان لە ماددە دەستکردەکان و ڕیشاڵە سرووشتییەکان پێکهاتووە هەستێکی خۆش دەدات بە شاخەوان. لێرەدا تەنیا پرسیارێک کە دەبێ وڵام بدرێتەوە ئەوەیە کە جنسی ئەو جلانە دەستکرد بێت باشترە یان سروشتی؟ یان تێکەڵاو؟

لۆکە  (Cotton)
لۆکە  (Cotton)

لۆکە زۆر زوو ئارەقە یان تەڕایی بەرەو خۆ ڕادەکێشێ، کاتێک تەڕ دەبێ گەرمای خۆی لەدەست دەدات و کاتێکی زۆر دەخایێنێ تا وشک ببێتەوە؛ کێشی لەسەرێیە و بۆ شاخەوانی کردن ڕەنگە گونجاو نەبێت.

خوری  (wool)
خوری  (wool)

بەرهەمێکی سروشتییە و لەبەرکردنی هەستێکی خۆش دەدات بە مرۆڤ. لەکاتی تەڕبووندا گەرمیی خۆی بەباشی ڕادەگرێت و زۆر درەنگ بۆن دەگرێت. کەوایە بۆ گەشتێکی چەندڕۆژەی شاخ هەڵبژاردەیەکی باشە.


پۆلیستەری تێکەڵاو (Synthetic Fabric)
پۆلیستەری تێکەڵاو (Synthetic Fabric)

پێکهاتەی ڕیشاڵە دەستکردەکانە کە تەڕی لەخۆیدا ڕاناگرێت و زوو وشک دەبێتەوە. لە گەرمادا کاریگەریی فێنکبوونەوەیان لە ڕیشاڵە سروشترییەکان زیاترە بەڵام لەبەرامبەریشدا زوو بۆن دەگرن. هەربۆیە زۆرجار ڕیشاڵەی سروشتی و دەستکرد تێکەڵ دەکرێن.



جلی ژێری فەنکشناڵ  (Performance underwear)


بۆ ئەوەی جلی ژێری فەنکشناڵ وەکوو چینی یەکەم بتوانێت ئەرکی خۆی بە دروستی بەجێ بهێنێت، دەبێ تەنگ بێت و بە تەواوی بە لەشتەوە بنووسێت. بەمجۆرە زیاترین کاریگەریی لەسەر فێنکبوونەوە یان گەرمبوونەوەی لەشت دەبێت.



گۆرەوی


لە شاخەوانیدا زۆرجار گرنگی پێ نادرێت بەڵام کاتێک لێی دەکۆڵینەوە و سەیری بازاڕ دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە هەڵبژاردنی گۆرەوی زانینێکی تایبەتی دەوێت. جنسی جۆراوجۆر، لە خورییەو بگرە هەتاکوو پۆلیستەری تێکەڵاو. هەڵبەت هەر ماددەیەک لایەنی باش و خراپی خۆی هەیە بەڵام زۆر خاڵی گرنگ هەیە کە لەکاتی کڕیندا دەبێت لەبەرچاویان بگرین:


  • گۆرەوی دەبێ زوو وشک ببێتەوە؛ کەوابوو لۆکە ناتوانێت هەڵبژاردەیەکی باش بێت.

  • بەدڵنیاییەوە دەبێ لە لێواری پێڵاوەکەت بەرزتر یان درێژتر بێت.

  • گۆرەوەی دەبێ بە پێی وەرزی جیاواز و پلەی گەرمیی جیاواز، تەنکی یان ئەستووریەکی جیاوازی هەبێت.

  • بۆ ئەو کەسانەی کە پێیان هەستیارە و کێشە دروست دەکات، گۆرەوەی تایبەت کە لەسەر قامکەکان یان پاژنەی پێ پارێزەری تایبەتی بۆ دابینکراوە پێشنیار دەکرێت.



  1. چینی دووهەم (Mid Layer) - بۆ گەرمکردنەوەی جەستە


ئەرکی چینی دووهەم گەرمڕاگرتنی جەستەیە. ئەو چینە دەبێ تەڕی و ئارەقەیەکی کە لە چینی یەکەمەوە دێت بۆ دەرەوە بگوازێتەوە و هاوکات جەستەت گەرم ڕابگرێت. هەر بۆیە بەکارهێنانی ئەو جلانەی کە هەناسە دەدەن و لە خوریی فەنکشناڵ یان پۆلیستەری تێکەڵاو (سینسێتیک) دروست بوون گرنگییەکی تایبەتیان هەیە.


فلیس  (Fleece)
فلیس  (Fleece)

جنسی فلیس دەکێشرێتەوە، سووکە و دەتوانی بە قەبارەیەکی بچووک بیپێچیەوە. فلیس خێرا وشک دەبێتەوە و زۆر خۆشە بۆ لەبەرکردن. تا ڕادەیەک دژی با و ئاوە و لە کاتی باران و تەڕی یان سەرمادا دەبێت چینێکی تر لەسەرەوەی لەبەر بکەیت.


دژی با
دژی با

چینی دووهەم بە هەر شێوەیەک دەبێ دژی با بێت. گرنگ نیە فلیس بێت یان سۆفتشێڵ (Softshell)؛ ئەگەر بەپێی پرەنسیپی پیواز چینی جلەکانت هەڵبژێریت لێرەدا فلیس باشترین هەڵبژاردەیە و پێویست ناکات بە بایەکی کەم، یەکسەر چینێکی تر لەبەر بکەیت.


سۆفتشێڵ  (Softshell)
سۆفتشێڵ  (Softshell)

سۆفتشێڵ لە کاتێکدا بەکاردێت کە بای بێت یان کەشوهەوا بەرەو خراپبوون بچێت. بە شێوەیەکی بەرچاو دژە بایە و بەپێی جۆرەکەی بەرگەی تەڕی و بارانیش دەگرێت. لەڕاستیدا سۆفتشێڵ پردی نێوان چینی دووهەم و سێهەمە. چاکەت و پانتۆڵی سۆفتشێڵ بەپێی قەبارە و ئەستووربوونیان لە هاوین و زستاندا بەکاردەهێنرێت.


پەڕ و ڕیشاڵەی دەستکرد
پەڕ و ڕیشاڵەی دەستکرد

کێش و قەبارەی جلوبەرگ لە شاخ بە تایبەت لە گەشتێکی درێژخایەندا بابەتێکی زۆر گرنگن. لێرەدا مەبەست لە پەڕ ئەو جلوبەرگانەن کە بە پەڕی مراوی یان قاز پڕکراون. پەڕ و ڕیشاڵەی دەستکرد لە بەرامبەر فلیس و سۆفتشێڵدا بە قەبارەیەکی زۆر بچووکتر کۆدەکرێنەوە و سووکترن. هەروەها بۆ گەرمبوونەوەش کاریگەرییەکی زۆر زیاتریان هەیە کە نابێ لێیان خافڵ بین.


پەڕ  (Down)
پەڕ  (Down)

زۆر گەرمە و زۆر باشە بۆ گەرمبوونەوە. پەڕ کاتێک تەڕ بێت چی تر گەرمت ناکاتەوە و خێراش وشک نابێتەوە! بەڵام لە سەرمای وشکی زستاندا (کاتێک تەڕ نەبێت) هیچ شتێک لە پەڕ باشتر نیە.


ڕیشاڵەی دەستکرد (Synthetic)
ڕیشاڵەی دەستکرد (Synthetic)

ڕیشاڵەی دەستکرد یان پەڕی دەستکرد لەبەرامبەر پەڕی سروشتیدا کەمتر گەرمای ڕادەگرێت. بەڵام کاتێک کە تەڕیش دەبێت گەرمی هەر لەخۆدا ڕادەگرێت و زووتریش وشک دەبێتەوە. چاکەتی ڕیشاڵەی دەستکرد هەم لە هاوین و هەم لە زستاندا بەکاردێت.



چینی دووهەم؛ خاڵە گرنگەکان:


  • نابێ تەنگ بێت و ڕێگری لە جووڵانەوەت بکات. لێرەدا ئەو جلانەی کە دەکێشرێنەوە و حاڵەتی سترێچ بوونیان هەیە پێشنیار دەکرێت.

  • دەبێ بتوانێت هەناسە بدات؛ ئەگینا باشترین جلی ژێرەوەش لەبەر بکەین (چینی یەکەم) فایدەی نیە.

  • دەبێ لەکاتی تەڕبووندا خێرا وشک ببنەوە.

  • دەبێ دژە با بێت.



  1. چینی سێهەم (Shell Layer) - بۆ پاراستنی جەستە لە بەرامبەر با و باران


چینی دژە ئاو و با، لە چاکەت و پانتۆڵدا بەکاردێت بەجۆرێک کە چینەکانی خوارەوە لە هاتنەژووری تەڕی و با دەپارێزێت و هاوکات هەوای ناوژوورەوەش دەداتە دەرەوە؛ بەجۆرێک کە جلەکە لەناووە تەڕ نابێت؛ واتە جلەکە هەناسە دەدات! ئەو چینە لە گۆرتێکس و چەند چینی جیاوازی تر پێک دێت. بۆ نموونە چاکەتێکی باشی دژە با و باران لە ٣ چین مێمبرەین پێکهاتووە.


مێمبرەین
مێمبرەین

لەیەر یان چینێکی خۆڕاگرە؛ لە بەرامبەر فشاردا زیاتر بەرگە دەگرێت و خسڵەتی دژە ئاوبوونی خۆی درەنگ لەدەست دەدات. تەنانەت ئەگەر بەردەوامیش لەبەر بکرێت، دەربهێنرێت و قەد بکرێتەوە، تایبەتمەندیی خۆی لەدەست نادات.



پێشنیار:


ئەگەر دەتانهەوێ چاکەتێکی باش بۆ ناو سروشت بەتایبەت بۆ شاخ بەکاربێنن، واباشترە چاکەتەکە لە ٣ چین مێمبرەین دروست بووبێت. لەو چاکەتانەدا مێمبرەین کە دژە ئاوە، لە لایەن دوو چینی تر لە سەرو لە خوارەوە دەپارێزرێت. لەو چاکەتانەی کە لە ٢ چین مێمبرەین پێکهاتوون، مێمبرەین تەنیا بە یەک چینی تر دەپارێزرێت و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە زوو کۆنە یان خراپ ببێت. هەربۆیە پێشنیار دەکەم چاکەتێک بکڕن کە لە ٣ چین مێمبرەین پێکهاتبێت.

 


 
 
 

Comments


bottom of page