چۆن کۆڵەپشتییەکی گونجاو هەڵبژێرین، چۆنی رێکبخەین و چۆنی بپێچینەوە؟
- سامان حەسەنخاڵی

- Dec 10, 2025
- 4 min read
Updated: Jan 28

کۆڵەپشتی یەکێکە لە گرینگترین کەلوپەلەکانی شاخەوانی کە هەروەکوو پێڵاوی شاخەوانی دەبێ بۆ هەڵبژاردنەکەی زۆر بەحەوسەلە بی و بەپێی ئەو بەرنامەیە یان ئەو شاخەی کە قەرارە لێی سەرکەوی هەڵیبژێری یان بیکڕی. کۆڵەپشتییەک کە بتوانی بۆ ماوەی چەند ساڵان کەڵکی لێ وەربگری لە شاخ ئازارت نەدا. چون تۆ بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک یان ڕۆژێک لەشاخ بەکۆڵتی دادەدەی کەوایە واباشترە کۆڵەپشتییەکی باش و گونجاو بێت. تەنیا کۆڵەپشتییەکیش کە وڵامدەری هەموو بەرنامەکانت بێ و بتوانی بۆ هەموو شاخێک لە کۆڵی خۆتی بکەی پەیدا نابێ. کۆڵەپشتییەکان جۆراوجۆرن و تۆ دەبێ بەپێی چالاکی یان جۆری چالاکییەکەت سایز و مۆدێلی کۆڵەپشتییەکەت هەڵبژێری.
کۆڵەپشتی بەگشتی لە چەند بەش پێکهاتووە. یەک بەشی سەرەکی بۆ ڕاگرتنی کەلوپەل، سیستمێکی هەڵگرتن، کەمەربەندی ناوقەد بۆ کەمکردنەوەی قورسایی لەسەر شان و کڵاوی کۆڵەپشتی.
هێندێک کۆڵەپشتیی مۆدێرنی ئەوڕۆیی ئێستا کڵاوی کۆڵەپشتی یان گیرفانی سەرەوەیان نەماوە کە زۆرتر بۆ کەلوپولی چکۆلە وەکوو چاویلکە و کرێمی دژەخۆر و مۆبایل و....هتد بەکار دێ. هێندێک مۆدێلی دیکە هەن کە ئیمکاناتی تایبەتی بەستنەوەی سکی و قوڵینگی سەهۆڵ و کڵاوی شاخەوانیان هەیە.
بەهۆی جیاوازیی ئاناتۆمیکی ژن و پیاو، بەرزایی یان درێژایی پشتی کۆڵەپشتییەکانیش جیاوازن. هەڵبەت ئەو کۆڵەپشتییە مۆدێرنانەی ئەوڕۆ هەمووی توانایی ڕێکخستنیان هەیە و تۆ دەتوانی لەگەڵ سایزی پشتی خۆت ڕێکیبخەیت.
ڕێکخستنی پشتی کۆڵەپشتی هەم گرینگە و هەم پێویست. لەبەر ئەوەی بار یان قورسایی کۆڵەپشتییەکە بە دروستی بکەوێتە سەر کەمرت.
سایزی کۆڵەپشتی
۲۰ لیتری
بە قەبارەیەکی نزیکەی ٢٠ لیتر کە خواردن، جلوبەرگ و کەلوپەلی پێویستی گەشتێکی یەک ڕۆژەی جێ دەبێتەوە. لەوانەیە کۆڵەپشتییەکە لەبەر ئەوەی بارێکی کەمی تێدا جێدەبێتەوە و کێشێکی کەمی هەیە، سیستمێکی هەڵگرتن و کەمەربەندێکی سادەی هەبێت. ئەوجۆرە کۆڵەپشتییانە بۆ گەشتێکی سادە یان شاخەوانیی یەک ڕۆژە دەبن.

۳۰ تا ٤٠ لیتری
بەقەبارەیەکی نزیک بە ٣٠ تا ٤٥ لیتر کە خواردەمەنی، کەلوپەلی تەندروستی و کیسەخەوێکی چکۆلەی تایبەت بۆ نێو پەناگەی جێ دەبێتەوە و بۆ گەشتێکی چەند ڕۆژە بەکار دێت. لەوانەیە هەروەکوو کۆڵەپشتی ٢٠ لیتری سیستمێکی هەڵگرتنی سادە یان تەنانەت قایم و پێشکەوتووشیان هەبێت و تۆ دەتوانی تا نزیک بە ١٠ کیلۆی بار پێ هەڵبگری. کێشی خودی کۆڵەپشتییەکە دەبێت کەمتر لە یەک کیلۆ بێت. تۆ دەتوانی ئەو کۆڵەپشتییانە بەپێی چۆنێتی هەڵپێچانەوە و جۆری گەشتەکە هەم بۆ یەک ڕۆژ و هەم بۆ گەشتێکی چەند رۆژە بەکار بێنی.

٥٠ لیتری تا ٧٠ لیتری
ئەگەر پلان بۆ گەشتێکی چەندڕۆژە یان زیاتر لە یەک حەفتە دادەنێیت، دەبێ کۆڵەپشتییەکی ٥٠ لیتری یان گەورەتر لەگەڵ خۆت ببەیت. ئەو کۆڵەپشتییانە سیستمێکی هەڵگرتنی باش و پێشکەوتوویان هەیە و تۆ دەتوانیت بە دڵنیاییەوە بارێکی زیاتر لە ١٠ کیلۆی پێ هەڵبگریت. کێشی ئەو کۆڵەپشتییانە ١.٥ کیلۆ تا ٣ کیلۆ دەبێت و بۆ گەشتێکی شاخەوانیی سادە یان یەک ڕۆژە گونجاو نین.

کۆڵەپشتی بە چ مەبەستێک؟
دەتهەوێ بە کۆڵەپشتییەوە چ کارێک بکەیت؟ ترێکینگ، فریراید، ڕەوەزەوانی، گەشتێکی شاخەوانی یان سەرکەوتن بەسەر چیا بەرزەکاندا... بۆ هەموو ئەو چالاکییانە کۆڵەپشتییەکی تایبەت و گونجاو هەیە. لە کاتی کڕین دا دەبێ ئەو مەسەلەیەت لەبەرچاو بێت. ئەگەر سکی دەکەیت کۆڵەکەت دەبێ سیستمی بەستنەوەی سکی هەبێت. ئەگەر بەسەر سەهۆڵدا سەردەکەویت دەبێ کۆڵەکەت شوێنی بەستەنەوەی قوڵینگ و کڵاوی شاخەوانی هەبێت یان ئەگەر شاخەوانییەکی سادە دەکەیت، دەبێ کۆڵەکەت شوێنێکی بۆ بەستنەوەی باتومەکانت هەبێ.
ڕێکخستنی کۆڵەپشتی

بەستنی کەمەربەند
کەمەربەند دەبێ لەسەر ئێسکی لەگەن ببەسترێ. لەکاتی لەشانکردنی کۆڵەپشتی دەبێ بەندەکانی شان ئازاد بن بۆ ئەوەی قورسایی کۆڵەپشتییەکە بکەوێتە سەر کەمەر یان ئێسکی لەگەن.
یەکسانکردنی بەندی سەر شان
کاتێک کەمەربەندی کۆڵەپشتییەکەت بەست دەبێ بەندی سەر شانەکان ڕێکبخەیت. ئەو کارە دەبێتە هۆی نیزیک بوونەوەی ناوەندی باریی کۆڵەکە بە جەستەت. بەندەکانی سەر شان دەبێ یەکسان بن و نابێ کێشی کۆڵەکەش بکەوێتە سەر شانت.
بەستنی بەندی سینگ
لەکۆتایی دا بەندی سینگ دەبەستی. ئەو بەندە یارمەتیت دەدات تا بەندەکانی سەرشان و بەگشتی کۆڵەپشتییەکەیە لە کاتی ڕۆیشتندا پایەدار بمێننەوە و زۆر جوڵەی نەکەن.
پێچانەوەی کۆڵەپشتی
پۆلێن کردنی کەلوپەلی شاخەوانی:
ئەو کەلوپەلەی کە کەم بەکاریان دێنی یان زوو پێویستیت پێیان نێ وەکوو کیسەی خەو، جلوبەرگی ئیزافی و... لە خوارەوە یان بنی کۆڵەپشتییەکە.
ئەو کەلوپەلەی کە زۆر بەکاریان دێنی یان دەبێ لەبەر دەست بن وەکوو خواردن، چاویلکە و کڕێمی دژە خۆر و جاکێتی بارانی و... لە سەرەوەی کۆڵەپشتییەکە.
بۆ پاراستنی هاوسەنگیی کۆڵەپشتییەکە هەوڵ بدە کەلوپەلی قورس تا ئەو جێیەی دەتوانی لە بەشی ناوەڕاستی کۆڵەکە و نزیک بە پشتت جێ بکەوە.
چۆن ناوەڕۆکی کۆڵەپشتییەکە ویشک ڕابگرین؟
زۆر جار بارینی باران پێشبینی ناکرێت و لەوانەیە لە گەشتێکی سادەی شاخەوانی لە هەوایەکی خۆشیشدا بارانمان بەسەر دا ببارێ. بە تایبەت لە گەشتێکی چەند ڕۆژەدا و لە پەناگەیەک یان کەمپێک بەرەو کەمپێکی دیکە، پێویستە کە کەلوپەلی نێو کۆڵەپشتییەکە بە ویشکی بمێنێتەوە. لێرەدا دەتوانی جلوبەرگی ئیزافی و کەلوپەلی گرینگ بخەیتە نێو کیسەی دژ بە ئاو. کاوێری باران بۆ کەڵەپشتییەکەتان زۆر پێویستە. هەوڵ بدەن کۆڵەپشتی بە کاوێرەوە بکڕن یان ئەگەر لەگەڵی نیە، بۆخۆتان کاوێرێکی دژ بە ئاوی بۆ دروست بکەن. کاوێری باران کۆڵەپشتییەکەت هەمیشە بۆ ویشک ڕادەگرێ.
کاوێری دژە ئاو بۆ کۆڵەپشتی کۆڵەپشتی دژە ئاو کیسەی دژە ئاو
هەرچی بەپێویستی نازانی مەیبە لەگەڵ خۆت!
زۆرجار لە شاخ کەسانێک دەبینین کە کەلوپەلی ئیزافی بە خۆیانەوە یان بە کۆڵەپشتییەوە هەڵداوەسن. بەڕاستی ئامانج لەو کارە چیە؟ یان هەرچی شتە لە دەیان زیپ و گیرفاندا دەیهاخنەوە. باشتر نیە کەلوپەلی ئیزافی لەخۆمان بار نەکەین و هەرچی هەیە بە ڕێک و پێکی بیخەینە نێو کۆڵەپشتییەوە؟ کڵاوی کۆڵەپشتییەکە یان گیرفانی سەرەوە دانراوە بۆ کەلوپەلی چکۆلە و بەردەست. ئەوی تر هەمووی دەبێ بچێتە نێو کۆڵەکەوە. ئەو شتانەی کە دەزانی زوو پێویستت دەبێ لە سەرەوە و ئەوانەی کە بە پێویستیشی نازانی لە بنی کۆڵەپشتییەکەی دابنێ. بەستنەوە و دیتنەوەی ئەو هەمۆ کەلوپەلە خۆی کاتێکی زۆری دەوێ. بەڕاستی زۆرجار لەشاخ کاتی ئەوەمان نیە هەموو ئەو کەلوپەلە یان بەگشتی کۆڵەکەمان هەڵوەژێرین.
چەند وردەکاریی گرنگ لە کۆڵەپشتیدا
ڕەنگی ڕوونی ناو ژووری کۆڵەپشتی
یارمەتیت دەدا بۆ ئەوەی بتوانی کەلوپەلی ناو کۆڵەپشتییەکە لە ڕووناکییەکی کەمدا بە ئاسانی بدۆزیەوە.

بەندی کۆکراوە و ڕێکوپێک
جوانیەکی تایبەت دەدا بە کۆڵەپشتییەکەت. دەتوانی بە بەستێکی سادەی چەسپێن هەموو ئەو بەندانەی کە بە کۆڵەپشتییەوە شۆڕ بوونەوە، کۆ بکەیتەوە.

کارابینی تایبەت بۆ کلیلەکانت
زۆرجار لە شاخ لەخۆت دەپرسی کلیلەکانم لە کوێ دابنێم؟ بە کارابینێکی سادە و چکۆلە دەتوانی کلیلەکانت لە گیرفانی سەرەوەی کۆڵەپشتییەکەدا ببەستێوە. هەڵبەت زۆربەی کۆڵەپشتییەکان خۆیان لە گیرافی سەرەوە ئەو کارابینەیان لەگەڵە.

























Comments