top of page

Summer - Fall 2026

گەشتی هاوینی تیمی هەوارگە

ڕنوو چێ؟ بۆچی هەر ساڵ لە کوردستان گیانی خەڵک دەستێنێ؟

  • Writer: دیاکۆ گەرمیانی
    دیاکۆ گەرمیانی
  • Dec 30, 2025
  • 3 min read

Updated: Jan 6

ڕنووی بەفر لە کوردستان گیانی دوو کەسی گرت
ڕنووی بەفر لە کوردستان گیانی دوو کەسی گرت


هەموو زستانێک، ڕنوو گیانی خەڵک لە شاخەکانی کوردستان دەستێنێ. شوانەکان، دانیشتووانی گوندەکان، شاخەوانەکان، کرێکار و جارجاریش گەشتیاران دەکەونە ژێر ڕنوو و تەڵەی سپی مەرگ. زۆربەی ئەم مردنانە لە ئەنجامی نەبوونی هۆشیاری و ئاگاداری لە بارودۆخی کەشووهەوای پێشبینی نەکراوە.


ڕنوو ڕووداوێکی نامۆ نییە لە شاخەکانی کوردستان و هەر ساڵ لە ناوچەی جیاواز خەڵک تووشی دەبن. ڕنوو ڕووداوێکی سرووشتیە و شێواز و هۆکاری ڕوونی هەیە، تێگەیشتن لەو هۆکارانە دەتوانێ گیانت ڕزگار بکات.


بۆچی ڕنوو لە کوردستان ڕوودەدات


ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، لەگەڵ بارینی بەفری قورسی زستان، بەفرێکی زۆریان لێ کۆدەبێتەوە و ئەگەر ئەو بەفرە کڕێوە بێ و لەگەڵ بای بەهێز تێکەلاو بێ دەبێتە هۆی کۆ بوونەوەی بەفری زۆر و قورس لە یەک شۆن یان لەسەر شانی شاخێک، کە گۆڕانکاریی خێرای پلەی گەرمی، بارودۆخی تەواو دروست دەکات بۆ ڕنوو.



فاکتەرە سەرەکییەکان ئەمانەن:


  • لێژایی (زۆرجار ٣٠–٤٥ پلە)

  • بارینی بەفری قورس لە ماوەیەکی کورتدا

  • بەفری کۆکراوە بە با، کە چینی سست و لەرزۆک لەسەر یەک دروست دەکات

  • گەرمبوونەوەی هەوا لەپڕ ، یان بارینی باران لەسەر بەفر

  • چینە بەفرە سستەکان لە ژێر بەفرە تازەکان


لە زۆر ناوچەدا، ڕێگاکان، گوندەکان و شۆنی لەوەڕ ڕێک لە ژێر لێژایی و شۆنی مەترسیدار بۆ ڕنوون و خەڵک زۆرجار مەترسییەکە بە کەم دەزانن چونکە ئەم ناوچانە بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانەیان.

بۆچی ڕنوو هەموو ساڵێک خەڵک دەکوژێت


  1. کەمی هۆشیاری:

    زۆربەی قوربانییەکان شۆنی ڕنووگر یان نیشانەکانی مەترسی هاتنی ڕنوو ناناسنەوە. ڕنوو زۆرجار وەک “بەدبەختی” دەبینرێ نەک وەک مەترسییەکی سروشتی پێشبینی کراو.


  2. نەبوونی ڕاهێنانی پێویست بۆ خۆ پاراستن لە ڕنوو:

    پەروەردەی سەرەتایی لەسەر ڕنو بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەست نییە. زۆر کەس هەرگیز نەیانبیستووە کە بەفر چۆن هەڵسوکەوت دەکات، بەتایبەت لەسەر لێژاییەکان و یان یان کەشووهەوا چۆن کاریگەری لەسەر بەفر دەکات.


  3. نەبوونی کەرەستەی سەلامەتی

    ئامێری فریاکەوتنی پەیامنێرـپەیامگری ڕنوو وەک RECCO ، پڕۆب و بێڵی بەفر بە دەگمەن لە دەرەوەی بازنەی شاخەوانان بەکاردێن.


  4. متمانە بەخۆ بوونی زێدە لە حەد

    خەڵک زۆرجار پشت بە ئەزموونی پێشوو دەبەستن دەڵێن «ئێمە ساڵانێکە بەم ڕێگایەدا دەڕۆین و پێشتر هیچ شتێک ڕوونەداوە.» بەڵام بارودۆخی ڕنوو ڕۆژانە دەگۆڕێت.


  5. زانیاریی لاوازی کەش و هەوا

    پێشبینیی ڕنوو لە زۆر شۆنی کوردستان سنووردارە یان بەردەست نییە وهەر ئەمەش هەڵسەنگاندنی بار و دۆخ و مەترسیەکە قورستر دەکات.



نیشانە باوەکانی ڕنوو


هەر کەسێک پێ لە ناو شاخە بەفراوییەکان دەنێت ،دەبێت لەگەڵ ئەم نیشانانە ئاشنابێت:


  • بارینی بەفری قورسی لەپڕ

  • بای بەهێز کە کۆمەڵە بەفر دروست دەکات

  • بەرزبوونەوەی لەپڕی پلەی گەرمی

  • دروستبوونی کەلێن و شکێر لە بەفردا

  • دەنگی «وومف»ـی بەفر لە ژێر پێدا

  • هاتنی ڕنووی دیکە لە لێژاییە نزیکەکان


هەرکات یەک دانە یان زیاتر لەم نیشانانەی ئاماژەیان پێکرا ببینی، کەواتە بارودۆخ مەترسیدارە.


یاسا سەرەتاییەکانی خۆپاراستن لە مەترسیتەکانی ڕنوو کە هەموو کەسێک دەبێت بیزانێت


١. لە لێژاییە تیژەکان خۆ بپارێزە

زۆربەی ڕنووەکان لە لێژاییەکانی نێوان ٣٠° و ٤٥° ڕوودەدەن.


٢. ڕێز لە گۆڕانکارییەکانی کەشووهەوا بگرە

دوای بارینی بەفری قورس یان بای بەهێز، لانیکەم ٢٤–٧٢ کاتژمێر چاوەڕێ بکە پێش گەشتکردن لە ناوچەی ڕنوو هەڵگر.


٣. یەک بە یەک بگەڕێن

هەرگیز وەک گروپێک لە لێژاییە مەترسیدارەکان تێنەپەڕن. مەودا لە نێوان خەڵکدا بهێڵنەوە.


٤. ڕێگای سەلامەت هەڵبژێرە

لەکاتی گونجاودا لەسەر بنارەکان، دارستانە چڕەکان و ناوچە کەم تیژەکاندا بمێنەوە.


٥. هەرگیز نیشانەکانی ڕنوو پشتگوێ مەخە

ئەگەر شاخەکە «قسە بکات» — کەلێن، دەنگ، جوڵە — دەستبەجێ بگەڕێوە.


٦. کەرەستەی سەرەتایی سەلامەتی هەڵبگرە (ئەگەر گونجاو بێت)*


- ئامێری پەیامنێرـپەیامگری ڕنوو

- پڕۆب

- بێڵی بەفر


و گرنگترین شت: فێر بە چۆن بەکاریان بهێنیت.


٧. بەبێ شەرمەزاری بگەڕێوە

دە کوردە نامووسە مەکەوو! بە سڵامەت گەرانەوە بۆ ماڵ قەت لە گەیشتن بە شوێنی مەبەست گرنگتر نییە


لە درێژخایەندا چ دەکرێ


- پەروەردەی کۆمەڵگا لە گوندەکان و ناوچە شاخاوییەکان

- بەرنامەی سادەی هۆشیاریی ڕنوو بە کوردی

- پلانی باشتر بۆ ڕێگاکان و داخستنی هەندێک ڕێ لە وەرزی ڕنوو

- هاوبەشکردنی زانیاریی خۆماڵی خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ زانستی مۆدێرن


سەلامەتیی ڕنوو تەنیا بۆ شاخەوانان و پسپۆڕان نییە. بۆ هەموو ئەوانەیە کە لە شاخەکاندا دەژین، کاردەکەن یان گەشت دەکەن.

بیرۆکەی کۆتایی


کورد هەمیشە دەڵێ هیچ دۆستێک جێگە لە چیاکان. شاخەکان دوژمن نین، بەڵام دەبێ ڕێزیان لە بگرین و گوێبیسی نیشانەکانیان بین. ڕنوو یاسای خۆی پەیڕەو دەکات و فێربوونی ئەم یاسایانە بۆ هەموومان پێویستە.


 
 
 

Comments


bottom of page