شاھۆ؛ چیایەک لە دڵی هەوراماندا
- دیار شێخ محەمەدی

- Feb 7
- 3 min read
Updated: Feb 13

شاھۆ یەکێکە لە بەرزترین و ناسراوترین چیاکانی زاگرۆس کە هەم سروشت و هەم کەلتووری لە خۆیدا کۆ کردۆتەوە؛ چیایەک کە گەشتیار، کەلتووردۆست و شاخەوان بە دیمەنە تەمومژاوییەکان، ڕێگا سروشتییەکان وکانی پراوەکان و دابونەریتی دێرینی هەورامان بۆ لای خۆی رادەکێشێت.
کێوی شاھۆ گرنگترین و ناسراوترین چیاکانی زنجیرەچیای زاگرۆسە کە لەسەر سنووری نێوان پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان لە رۆژهەلاتی کوردستان هەڵکەوتووە و ڕۆڵێکی تایبەتی لە سروشت، کەلتوور و وەرزشی ناوچەکەدا هەیە. بەرزترین لووتکەی شاھۆ بە ناوی "حەوێ خانی"، بە بەرزایی نزیکەی ۳۳۹۰ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی گوندی "تازەئاوا" هەڵکەوتووە و یەکێکە لە لووتکە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە.
شاھۆ لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان و باشووری پارێزگای کوردستاندا جێگر بووە و سنوورێکی سروشتی لە نێوان ئەم دوو پارێزگایەدا دروست دەکات. ئەم چیایە بەشێکە لە زنجیرەچیای زاگرۆس کە لە نزیک ڕووباری سیروانەوە دەست پێ دەکات و تا دەوروبەری شاری ڕەوانسەر درێژ دەبێتەوە.
زنجیرەچیای زاگرۆس، بەرزترین و گرنگترین پشتێندی شاخاویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. شاھۆ یەکێکە لە لووتکە دیارەکانی ئەم پەیکەرە مەزنە سروشتییە کە بەتایبەت لە ناوچەی هەوراماندا ناسراوە. زاگرۆس بە درێژاییی زیاتر لە ۱٤۰۰ کیلۆمەتر، سەرچاوەی ئاو، دارستان، کەلتوور و مێژووی لە دڵی خۆیدا لە باوەش گرتووە.
شاهۆ بۆ شاخەەوانی
لووتکەی شاھۆ و بەرزاییەکانی دەوروبەری، ڕێڕەوی پڕ لە ئاستەنگی و دیمەنی دەگمەن بۆ شاخەوانە پسپۆرەکان دەڕەخسێنێ. شاخەوانی لە کێوی شاھۆ، ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سروشتێکی دەست لێنەدراو و هەڵدێرە بەردییە کاندایە. بۆ شاخەوانانی پسپۆر، شاھۆ بە چەند تایبەتمەندییەک دەناسرێ:
١. ڕێگا سەرەکییەکانی سەرکەوتن:
ڕێگای گوندی شمشێر (پاوە): باوترین و ناسراوترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە لووتکەی "حەوێ خانی". ئەم ڕێگایە بە هۆی لێژایی مامناوەند و هەبوونی کانییە جۆراوجۆرەکان، لە لایەن گرووپە شاخەوانییەکانەوە زۆرترین پێشوازی لێ دەکرێت.
ڕێگای گوندی تازەئاوا (سەوڵاوا): ئەم ڕێگایە کورتتر بەڵام لێژاییەکەی توندترە. بۆ شاخەوانانی لێهاتوو گونجاوە کە دەیانەوێت لە کاتێکی کەمتردا بگەنە سەر لووتکە.
ڕێگای ملەی پەلەوەر: ڕێگایەکی سەخت و بەردینە کە زیاتر بۆ مەشق و ڕاهێنانی شاخەوانیی قورس بەکار دێت.
٢. سروشتی چیای شاهۆ:
پێکهاتە بەرداویەکەی (کارستی) شاهۆ یەکێکە لە مەترسیدارترین شوێنە کانی ئەو چیایە و هەروەها هەبوونی چالاوی بەفری قووڵ و ئەشکەوتە ستوونییەکان کە زۆر بەرچاون. شاخەوان دەبێت لە کاتی بەفرباریندا زۆر وریای ئەم "داوە سروشتییانە" بێت.
گۆڕانی لەناکاوی تەم و مژ: شاھۆ بەوە ناسراوە کە لە چاوتروکانێکدا بە تەمێکی خەست دادەپۆشرێت، ئەمەش دۆزینەوەی ڕێگاکان (Navigation) سەخت دەکات.
٣. شاخەوانی لە وەرزە جیاوازەکاندا:
بەهار: باشترین کاتە بۆ بینینی گوڵە کێوییەکان و چێژ وەرگرتن لە سروشتی هەورامان.
زستان: شاھۆ لە زستاندا دەبێتە کوێستانێکی ترسناک و پڕ مەترسی. پێویستی بە کەلوپەلی تەواوی زستانە (کرامپۆن و قولینگ) و ئەزموونی بەرز هەیە، چونکە ئەگەری ڕەنووی بەفر (Avalanche) لە هەندێک لە دۆڵەکانیدا هەیە.
٤. خاڵی سەرنجڕاکێش بۆ شاخەوانان:
مانەوە لە "هەوارەکان"ی شاهۆ (وەک هەواری پیرخدر) و ئاشنابوون لە نزیکەوە لەگەڵ ژیانی هەوارچێتی و مەڕدارکانی ناوچەکە، تاموچێژێکی تایبەت بەم سەفەرە شاخەوانییە دەبەخشێت..


ژینگەی شاهۆ
شاھۆ بە لەوەڕگە پان و بەرینەکان، کانییە سروشتییەکان، جۆراوجۆریی ڕووەک و ئاووهەوا فێنکەکەی، بە یەکێک لە جوانترین ناوچەکانی زاگرۆس دادەنرێت. ئەم چیایە کۆمەڵێک ڕووەکی کوێستانی، دەوەن و جۆرەها گیای دەرمانی تێدایە کە لە بەرزاییە جیاوازەکاندا دەڕوێن. هەروەها هەبوونی ئەشکەوتی بەردین وەک ئەشکەوتی "قوڕەقەڵا"، نیشانەی کۆن بوون و میراتی زاگروسە کە سالانە هەزاران گەشتیار و مێژوو ناس لە خۆی کۆ دەکاتەوە.
کەلتوور و نەریتی شاهۆ
شاھۆ لە نزیک ناوچەی هەورامان هەڵکەوتووە؛ ناوچەیەکی شاخاویی خاوەن کەلتوور و نەریتی دێرین. یەکێک لە گرنگترین ئایینە کەلتوورییەکانی ئەم ناوچەیە، ڕێوڕەسمی پیر شالیارە:ئەمە جەژنێکی کەلتوورییە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ساڵانە لە گوندی "هەورامانی تەخت" بەڕێوە دەچێت. ئەم ڕێوڕەسمە کە بە "زەماوەندی پیر شالیار"یش ناسراوە، بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و نزا و پاڕانەوە، دەفژەنین، سەر بڕینی ئاژەڵ، شەونشینی و دابونەریتی عیرفانی لەخۆ دەگرێت. مەراسیمی پیر شالیار سیمبوولی ناسنامەی کەلتووری و مەعنەویی خەڵکی هەورامانە.


بۆ گەشتیاران
شاھۆ و ناوچەکانی دەوروبەری بەهۆی سروشتی دەستلێنەدراو، کوێستانی سەوز و کانییاوەکان، یەکێک لە مەبەستە گرنگەکانی گەشتیاریی سروشتی لە کوردستان و کرماشاندایە. هەروەها گوندی هەورامانی تەخت بە تەلارسازییە جۆری سەربان و حەوشە تایبەتەکەی کە شێوازی پلیکانی هەیە و جەژنە کەلتوورییەکانی وەک پیر شالیار، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.













Comments