ناسین و گرنگی پێدان بە شاخەکان
- سامان حەسەنخاڵی

- Feb 8
- 2 min read
Updated: Feb 9

شاخ نە دوژمنە و نە شتێکی کە بمانهەوێ بەسەریدا زاڵ بین. شاخەکان زۆر گەورەتر، کۆنتر و بەهێزتر لە ئێمەن، کەوابوو دەبێ گرنگیان پێ بدەین، نەک بە فیز و لووت بەرزییەوە بەسەریاندا سەرکەوین. شاخەکان قسە ناکەن بەڵام مەترسیداربوون یان جوانی خۆیان بە ڕوونی و ئاشکرا نیشان دەدەن. بەدڵنیاییەوە ئەگەر تا ئەمڕۆ بۆ یەکجاریش شاخەوانیتان کردبێت، هەستتان بە بێدەنگی و هێزی شاخەکان (سروشت) کردووە. یان بەپێی سەختی و مەترسیداربوونی شاخەکە هەستتان بە ترس یان سەرسووڕمان کردووە. هەموو ئەو نیشانانە بێگومان هەستێکی بەرپرسیارێتی لە شاخەواندا دروست دەکەن. بەرپرسیاربوون لەبەرامبەر ئەوەدا کە گرنگی بە شاخ بدەین. نیشانەکان ببینین و بەپێی ئەوان هەڵسوکەوت بکەین. واتە ئاگاداری هەموو ئەو مەترسییانە بین کە لەوانەیە لە شاخ ڕووی بدەن. ناسین و گرنگی پێدان بە شاخەکان هەڵبژاردە نیە بەڵکوو پێویستە. هەر شاخەوانێک سنوورەکانی خۆی پشتگوێ بخات یان شاخ بە کەم بزانێت، خۆی و تیمەکەی دەخاتە مەترسییەوە. گرنگی پێدان بە شاخ واتە ڕێزگرتن لە خۆت و لە شاخ.
هەڵسەنگاندنی خۆت گرنگە!
کەسێک کە دەچێتە شاخ دەبێ بزانێت چۆن هەڵسوکەوت دەکات و تا چ ڕادەیەک توانایی هەیە. کەواتە هەر شاخەوانێک دەبێ توانایی خۆهەڵسەنگاندنی هەبێت. بۆ نموونە دەبێ بزانێت کە توانایی جەستەیی چەندەیە و تا چ ڕادەیەک لە هەنگاو هەڵێنانەوەدا دڵنیایە؟ ئایا دەتوانێ هەموو ئەو زانیارییانەی کە بۆ بەرنامەداڕشتن پێویستن کۆی بکاتەوە و هەڵیانسەنگێنێت؟ ئایا دەتوانێ لە بارودۆخی نائاسایی یان لە کارەساتێکدا بەئارامی و بەباشی هەڵسوکەوت بکات؟ هەمووی ئەوانە تەنیا بەشێک لەو پرسیارانەن کە دەبێ وەکوو شاخەوانێکی بەرپرسیار لەخۆتی بکەیت بۆ ئەوەی بتوانی ڕادەی توانایی و سنوورەکانی خۆت بناسیت.
تاقیکردنەوە بە ئاگادارییەوە باشترە لە خەیاڵکردنی بێ بنەما.
ڕادەی تواناییەکانی شاخەوان تەنیا کاتێک دەردەکەوێت کە پێویستی پێیەتی. واتە تەنیا ئەو کاتەی کە ڕێگەکەت ون دەکەیت یان کەشوهەوا کێشەت بۆ دروست دەکات بۆت دەردەکەوێت کە تا چ ڕادەیەک دەتوانی بە ئارامی کردەوەیەکی دروست لەخۆت نیشان بدەیت. یان تەنیا ئەو کاتەی کە بەسەر تیژاییەکدا دەڕۆیت و هەردوولای ڕێگەکەت هەڵدێرە دەزانیت کە مێشکت چەندە ئارامە و چەندە یارمەتیت دەدات.
ئەو خۆهەڵسەنگاندنەش پێویستی بەوەیە کە شاخەوان بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو لەگەڵ دۆخێکی نائاسایی ڕووبەڕوو ببێتەوە و ئەو دۆخەی تاقی بکاتەوە. تۆ دەتوانی بە ڕاهێنان خۆت بۆ هەموو بارودۆخێک ئامادە بکەیت و ئەزموون وەربگریت. دوای ئەزموون و ئامادەبوون دەتوانیت سنوورەکانت بناسی. ئەوجۆرە هەستێکی خۆشت سەبارەت بە شاخەوانی کردن دەبێت. کاتێکیش سنوورەکانت دەناسی دەزانیت کە تا چ ڕادەیەک دەتوانی متمانەت بەخۆت هەبێت. ئەگەر پێویستت بە یارمەتی هەیە هاوڕێیەکی بەئەزموون یان ڕاهێنەرێکی باش دەتوانێت یارمەتیت بدات و زۆر شتی لێ فێر بیت.













Comments