top of page

Summer - Fall 2026

گەشتی هاوینی تیمی هەوارگە

ئامێرەکانی فریاکەوتن و هەڵسوکەوتی دروست

Writer: سامان حەسەنخاڵی
سامان حەسەنخاڵی
Jan 27
4 min read

لە هەر گەشتێکی شاخەوانیدا، پێویستە هەمیشە ئامێرەکانی فریاگوزاری لەگەڵتان بێت. بەو ئامێرانە دەتوانن زۆربەی ئەو کێشە سەرەکییانەی کە خێرا پێویستیان بە دەرمان کردنە وەکوو بلۆقی پێ یان برینە بچووکەکان و ... چارەسەر بکەن. پێویستە جانتای فریاگوزاری بێکەموکووڕی و هەمیشە لەبەردەستان بێت بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی فرایگوزاریدا کاردانەوەیەکی باش لەخۆتان نیشان بدەن. ڕاهێنان و تێپەڕکردنی خولی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ هەموو شاخەوانێک پێویستە. هەروەها پێویستە ژمارە تەلەفۆنی بنکەی فریاگوزاری لەو شوێنە یان لەو وڵاتەی کە شاخەوانی لێدەکەن بزانن. ئەو ژمارەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ٣ ژمارە پێکهاتووە و لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی ترەوە جیاوازە. دۆزینەوە یان دیاریکردنی شوێنی خۆتان و  ڕووداوەکەش بابەتێکی زۆر گرنگە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێ دەکەم.


ناوڕۆکی جانتای فریاگوزاری


  • باند یان دەسماڵی ستریل

  • چەسپی تایبەتی بلۆقی پێ

  • ستێری-ستریپ (چەسپی تایبەتی داخستنی برین - Steri-Strip)

  • تەیپ یان چەسپی وەرزشی (Sport tape/Cure tape)

  • مقەست

  • بلانکێتی (بەتانی) فریاکەوتن (ئەو بەتانیە ناسکە بریسکەدارەیە کە لە دۆخی نائاساییدا بۆ پاراستنی لەش لە سەرما بەکاردێت)

  • دەسکێش

  • تویزێر (ئامێرێک بۆ دەرهێنانەوەی دڕک یان دڕوو لە جەستە)

  • باند یان دەسماڵی سێگۆشە

  • سام-سپلینت یان ئاتێل (کەرتێکی نەرمی ئەلمینیۆمییە بۆ بەستەنەوەی ئەندامێک لە کاتی شکانی ئێسک یان دەرچوون بۆ ئەوەی جووڵە نەکات)  

  • دەسماڵ یان سپرەی دژەچڵک بۆ خاوێنکردنەوەی برین

  • حەب و دەرمانی پێویست


کیسەی بیڤاکی سووک


بۆ دۆخی نائاسایی لەشاخ بەکار دێت و دەبێت لە هەموو کۆڵەپشتییەکدا هەبێت. بەتایبەت بۆ گەشتێکی چەندرۆژە لە شاخ. جنسی کیسەی بیڤاک ناسکە و هەر لە بلانکێتی فریاکەوتن دەچێت بەڵام جیاوازە و لە بلانکێت گەرمترە. کێشەکەی نزیکی ١٠٨ گڕامە و زۆر سووک و بێ هاوتایە. قەبارەیەکی کەمی هەیە و دژە ئاوە. کەوابوو هەڵگرتنی کیسەیەکی بیڤاک لە کۆڵەپشتیدا نە تەنیا گران نیە، بەڵکوو زۆریش گرنگە و دەتوانێت لە دۆخێکی نائاسایی و مەترسیدار لە شاخ گیانمان ڕزگار بکات.



سەرنجڕاکێشان لەکاتی فریاخوازیدا


دۆزینەوەی کەسێک کە لە شاخ تووشی ڕووداو بۆ و ژیانی لە مەترسیدایە بۆ شاخەوانان یان تیمی فریاگوزاری ئاسان نیە. ئەگەر بەتەنیای و بە برینداری لە شوێنێک ماویەتەوە، سەرنجڕاکێشان لەو دۆخەدا زۆر گرنگە و دەتوانێت ژیانت ڕزگار بکات. لەو کاتەدا پێویستە هەموو ئەو ئامرازانەی کە لەبەردەستن بەکاری بێنیت.

سێ ڕێگەی ئاسان و سەرەکی بۆ سەرنجڕاکێشان و نیشانەدان بریتین لە:


١. لایتی سەر 


ئامرازێکی زۆر گرنگە لای شاخەوانان و دەتوانیت لەکاتی فریاکەوتندا زۆر یارمەتیدەر و سەرنجڕاکێش بێت، بەتایبەت لە شەودا. بۆ نموونە لایتی E-Lite ی مارکی Petzl کە تەنیا ٢٦ گڕامی کێشە و دژە ئاویشە، یەکێک لەو لایتانەیە کە تایبەت لە دۆخی فریاگوزاریدا بەکار دەهێنرێت. ئەو لایتە ڕووناکاییەکی زۆر جیاواز و تایبەتی هەیە و باتریەکەی بەرگەی ١٠ ساڵ دەگرێت. 

٢. فیکە لێدان


زۆربەی کۆڵەپشتییەکان لەسەر بەندی سینگیان فیکەیەکیان پێوەیە کە لەوانەیە زۆربەی شاخەوانەکان هێشتا نەیاندیبێت یان بەکاریان نەهێنابێت! فیکەلێدان لە کاتی فریاخوازیدا زۆر گرینگە؛ بە تایبەت ئەگەر نەتوانی لایت یان مۆبایل بەکاربهێنیت. لە ڕێگەی فیکەلێدانەوە دەتوانی سەرنجی تیمی فریاگوزاری بەرەو خۆت یان ئەو شوێنەی کە لێیت زۆر بەباشی ڕابکێشیت.


٣. لایتی مۆبایل


ئەگەر لایتی سەر لەبەردەست نەبوو، دەتوانن لە لایت یان فلاشی مۆبایلەکەتان بۆ نیشانەدان کەڵک وەربگرن. لەبیرتان نەچێت کە باتری مۆبایل زوو بەتاڵ دەبێت. ئەگەر بۆ پەیوەندی گرتن لە ڕێی مۆبایلەوە پێویستیتان بە مۆبایلەکە هەیە، واباشترە ئەو لایتە بۆ سەرنجڕاکێشان یان نیشانە ناردن بەکار نەهێنن.

 


پەیوەندیکردن بە مۆبایل


باشترین حاڵەت ئەوەیە ئەگەر دەرفەتی پەیوەندیگرتن بە مۆبایلت هەیە، تەلەفۆنێک بۆ بنکەی فریاگوزاری یان پۆلیس بکەیت. لێرەدا ئەو زانیاریانەی کە دەیدەیت بە بنکەی فریاگوزاری زۆر گرنگە و دەبێ زۆر ڕوون و تەواو بێت.


 

پێنج پرسیاری گرنگ کە لەکاتی پەیوەندیکردندا دەبێ وڵام بدرێنەوە:


  • چ ڕووی داوە؟

  • شوێنی ڕووداوەکە لە کوێیە؟

  • چەند کەس بریندارن؟

  • کێ تەلەفۆن دەکات (دەرفەتی تەلەفۆن کردنی دووبارە هەیە)

  • چاوەڕێی وڵام و پرسیارەکانی دوایی بە.


 

من لە کوێم؟


گرنگترین و هاوکات سەختترین پرسیار، وەسفی شوێنی ڕووداوەکە یان شوێنگەی خۆتە. ئێمە لە شاخ ناتوانین وەکوو ناوشار ئادرێسی شەقامێک یان کۆڵانێک بدەین بە تیمی فریاگوزاری، هەربۆیە لە شاخ دەبێ بۆ دۆزینەوەی شوێنگەی خۆمان لە GPS، مۆبایل یان ساعەت کەڵک وەربگرین. لەڕیی ئەو ئامرازانەوە دەتوانین کۆردینەیتی شوێنی خۆمان خێرا بدۆزینەوە و بەدروستی بیدەین بە تیمی فریاگوزاری. خوێندنەوەی دروستی کۆردینەیت زۆر گرنگە و پێویستی بە ڕاهێنان هەیە. ئەگەر ئەو ئامرازانە لەبەر دەست نەبوون، نەخشەیەک و دەزگایەکی بەرزایی پێوی دیجیتاڵ دەتوانێت یارمەتیتان بدات. ئەگەر ئەوەشتان نەبوو، دەتوانن لە ڕێی ئاراستە جوگرافییەکان و وەسفی ئەو شوێنەی کە لێێ هەن، زانیاری بدەن بە تیمی فریاگوزاری.


هەموو شاخەوانێک دەبێ شارەزایی لەسەر چۆنێتی دۆزینەوە و دیاریکردنی شوێنی جوگرافیی خۆی هەبێت.

 


کۆردینەیت دۆزینەوە لەڕێی مۆبایل


گەلێک ئەپڵیکەیشنی جۆراوجۆر هەیە کە لەسەر مۆبایل دەتوانن دایبەزێنن و بەشێوەی ئافڵاین لەشاخ، کۆردینەیتی لەڕووی بخوێننەوە. Outdooractive یەکێکە لەو بەرنامانە کە جێی متمانەیە و زۆر بە وردی و بە باشی ئیش دەکات.


 

کۆردینەیتی GPS


ساعەتە مۆدێرنەکانی شاخەوانی و وەرزشی زۆربەیان سیستمی GPS -‌یان هەیە و کۆردینەیت زۆر بە ڕوونی نیشان دەدەن. خودی دەزگاکانی  GPS -‌یش ئەو ئیشەی دەکەن. ڕاهێنانی شێوەی دروست خوێندنەوەی کوردینەیت بۆ هەر شاخەوانێک گرنگ و پێویستە.


 

دۆزینەوەی کۆردینەیت لەسەر نەخشە


دنیای مۆدێرن و دیجیتاڵ بۆتە هۆی ئەوەیکە چی تر شاخەوان پێویستی بە نەخشەی چاپکراو نەبێت. هەڵبەت کەم نین ئەو شاخەوانانەی کە ئێستاش نەخشەی چاپکراو لەگەڵ خۆیان دێنن بۆ شاخ. لەڕاستیدا پێویستە لە شاخ هەمیشە نەخشەیەکمان پێ بێت؛ چ دیجیتاڵ، چ چاپکراو. نەخشەیەکی چاپکراو لەکاتێکدا دەتوانێت یارمەتیت بدات کە مۆبایل یان ساعەتەکەت باتری نەمابێت. لەسەر نەخشەیەکی چاپکراویش تۆ دەتوانی کۆردینەیت و شوێنی جوگرافیی خۆت بەباشی بدۆزیەوە.


 

پاراستنی مۆبایل لە ئاو و سەرما


مۆبایلێکی سالم لە شاخ دەتوانێت لە دۆخێکی خراپدا کلیلی ڕزگاربوون بێت. هەر بۆیە دەبێ ئاگاداری شارژی (باتری) مۆبایلەکانتان بن. ئەگەر دڵنیا نین شارژی مۆبایلەکەتان بەرگەی هەموو گەشتەکە ناگرێت، بیکۆژێننەوە و تەنیا لەکاتی پێویستدا هەڵیکەنەوە. یان دەتوانن پاوێربانکێک لەگەڵ خۆتان بەرن. کاتێک لە کەشێکی سارددا دەچن بۆ شاخ، ئاگادار بن کە شارژی مۆبایل لە سەرمادا زۆر زوو کەم دەبێتەوە. لێرەدا واباشترە مۆبایلەکە بکوژێننەوە و بیخەنە ناو کیسەیەکی زیپدارەوە و  لەشوێنێکی گەرم لەناو چاکەتدا هەڵیبگرن.


 


 
 
 

Comments


bottom of page