top of page

Summer - Fall 2026

گەشتی هاوینی تیمی هەوارگە

شاخەوانی لە گەرمای هاویندا؛ مەترسییەکان و چۆنیەتی پاراستنی خۆمان

  • Writer: سامان حەسەنخاڵی
    سامان حەسەنخاڵی
  • Jul 3
  • 5 min read

گەرما لە کاتی شاخەوانیدا بارێکی گەورەمان دەخاتە سەر جەستەی. گەرمای شاخ دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونی ئاوی جەستە (Dehydration)، ماندووبوون یان بێتاقەتبوون بەهۆی گەرما (Heat exhaustion) و تەنانەت شۆکی گەرما (Heat stroke). بەتایبەت ئەو کاتەی مروڤ لەژێر خۆر لە چالاکییەکی جەستەیی توند دایە.

لەم بابەتەدا ڕوونی دەکەینەوە کە جەستە چۆن وەڵامی گەرما دەداتەوە، لە چ کاتێکدا گەرما دەبێتە مەترسی و لە کاتی شاخەوانی کردن لە گەرمای زۆردا چ پێویستە ڕەچاو بکڕێت.


جەستەی ئێمە چۆن پلەی گەرمای خۆی ڕێک دەخات؟


پلەی گەرمای جەستەی مرۆڤ لە حاڵەتی ئاساییدا نزیکی ٣٧ پلەی سیلسیوسە و جەستە لەو حاڵەتەدا باشترین کارایی هەیە. ئەگەر ئەم پلەیە لە ٤٢ پلەی سیلسیوس تێپەڕێت، کاریگەرییەکی مەترسیدار لەسەر جەستە دروست دەکات و دەتوانێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی چەند ئەندامێکی گرنگی جەستە. 

لە کاتی شاخەوانیدا، پلەی گەرمای جەستە تەنیا بە گەرمای هەوا بەرز نابێتەوە. خودی چالاکیی جەستەییش پلەی گەرمای جەستەی بەرز دەکاتەوە. لێرەدا جەستە بە شێوازی جیاواز هەوڵ دەدات گەرمای لەخۆی دەربکات و خۆی فێنک بکاتەوە کە گرنگترینیان دروستبوونی ئارەقەیە. کاتێک پێست ئارەقە دەکات و سارد دەبێتەوە، پێست فێنک دەبێتەوە. هاوکات خوێنیش زیاتر بۆ پێست دەچێت و دڵ خێراتر لێدەدات و لە ئەنجامدا فشار لەسەر سیستمی گەڕانی خوێن زیاد دەبێت.


نمی هەوا (شێ) ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە. لە گەرمای نزیکەی ٣٥ پلەی سیلسیوسدا، فێنکبوونەوەی جەستە بە ئارەقە کردن گرنگترین شێوازی دەرکردنی گەرمایە. بەڵام هەرچەند هەوا شێدارتر بێت، ئارەقە درەنگتر هەڵم دەکات و لەئاکمدا جەستە درەنگتر فێنک دەبێتەوە. هەر بۆیە جەستە لە بیابانێکی وشک بە ٤٥ پلەی سیلسیوس ئاسانتر خۆی فێنک دەکاتەوە تا لەناو دارستانێکی گەرم و تەڕ بە ٣٤ پلەی سیلسیوس.


بەهۆی وەیکە زۆرترین ئارەقە لە بەشی سەر و بەگشتی سەرەوەی جەستەمان دروست دەبێت، باشترە جلێکی سووک و هەناسەدەرمان لەبەر بێت تاکو گواستنەوەی گەرما باشتر ئەنجام بدرێت.


ئارەقە لە ئاو و ئێلێکترۆلیت (وەک سۆدیۆم، پۆتاسیۆم و ماددە کانزاییەکان) پێکدێت. ئارەقەی زۆر دەبێتە هۆی کەمبوونی پلاسمای خوێن. لە گەرمای زۆردا، جەستەی مرۆڤ لەسەرەتادا دەتوانێت تا ٤ لیتر ئارەقە لە یەک کاتژمێر بەرهەم بهێنێت، و دواتر دەگاتە نزیکەی ١ لیتر لە کاتژمێردا. کاتێک ئارەقەی جەستە کەم دەبێتەوە واتە جەستە ئاوێکی زۆری لەدەست داوە.


لە گەرمای زۆردا چەندە ئاو بخۆینەوە؟


ئاو خواردنەوە بەشێوەی بەردەوام لە کاتی شاخەوانیدا زۆر گرنگە. لە ناوچە بەفراوی و ساردەکان ئەگەر پێش و دوای چاڵاکییەکەت بەباشی ئاو بخۆیتەوە، ڕەنگە جەستەت زۆر هەست بە توونیایەتی نەکات بەڵام لەو ناوچانەی کە وشک و گەرمن، پێویستە لە درێژایی ڕۆژدا بە شێوەیەکی بەردەوام ئاو بخۆیتەوە، بۆئەوەی هاوسەنگی ئاو و ئێلێکترۆلیت لە جەستەدا بپارێزیت.


ئێلێکترۆلیتە پێویستەکان لە ڕێگەی خواردن و خواردنەوە دابین دەبن، هەر بۆیە پێویست ناکات هەمیشە حەبی ئێلێکترۆلیت لەگەڵ خۆت بگێڕیت. تەنانەت لە هەندێک دۆخدا ڕەنگە بەکارهێنانی ئەو حەبانە ئاکامی پێچەوانە و زیانی هەبێت.


بەپێی پلەی گەرما و ئاستی ماندووبوون، لەو ناوچانەی کە زۆر گەرمن پێشنیار دەکرێت لە هەر کاتژمێرێکدا ٠/٥ تا ١ لیتر ئاو بخۆیتەوە. بۆ شاخەوانان، چالاکی لەو ناوچانەدا تەنها لە دۆخی پێویستدا پێشنیار دەکرێت، چونکە هەڵگرتن و لەگەڵ خۆبردنی ئەم بڕە ئاوە لە ڕووی پراکتیکییەوە زۆر سەختە.


لە ڕۆژە گەرمەکاندا، ڕەنگە پێویست بێت ئاوی زیاتر لە ئاسایی لەگەڵ خۆت ببەیت. کاتێک چالاکییەکی وەرزشی دەکەیت، جەستە پێویستی بە ٢ یان نزیکەی ٤ لیتر ئاو لە ڕۆژێکدا دەبێت.


باشترین شت بۆ ناو بوتڵی ئاوەکەت، ئاو ـە. ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت بە کەمێک شەربەتی میوە شیرنی بکەیت. ئەگەریش پێویست بێت دەتوانیت خواردنەوەی ئێلێکترۆلیت بەکاربهێنیت.


خواردنەوەی ئاوی زیاتر لە ڕادەی پێویست دەتوانێت زیاندەر بێت و فشارێکی زۆرمان بخاتە سەر جەستەی. بە تایبەت ئەو گەشتیارانەی کیسەی گەورەی ئاو (Hydration bladder) لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن، ڕەنگە بە هەڵە ئاوێکی زۆر بخۆنەوە و خۆیان بخەنە مەترسییەوە.


کەی گەرما دەبێتە مەترسی؟



شاخەوانی کردن لە گەرمادا دەتوانێت ئەو کێشانە دروست بکات:


  • کەمبوونی ئاوی جەستە  (Dehydration) 

ئەم دۆخە بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان ئاو و ئێلێکترۆلیت لە جەستەدا ڕوودەدات. لێرەدا مرۆڤ هەست بە ماندووبوون و بێ تاقەتییەکی زۆر دەکات، بەڵام هێشتا هۆشیارە. دەتوانێت قسە بکات و دەزانێت لە کوێیە.

لەو دۆخەدا:

  • لێدانی دڵ خێراتر دەبێت.

  • پلەی گەرمای جەستە هێشتا ئاسایییە.

  • ئەگەر زوو ئاو نەخۆیتەوە، مەترسی شۆکی گەرما (Heat Stroke) زیاد دەبێت.

  • هەروەها لەوانەیە ئازاری ماسولکە و کێشەی هاوسەنگی و جوڵە دروست بێت، کە مەترسیی کەوتن لە شاخ زیاد دەکات.


  • شۆکی گەرما  (Heat Stroke) 

شۆکی گەرما بەهۆی تێکچوونی سیستمی ڕێکخستنی پلەی گەرمای جەستە ڕوودەدات و زۆرجار دوای کەمبوونی ئاوی جەستە دێتە ئاراوە.

نیشانەکانی بریتین لە:

  • ماندووبوونی زۆر

  • شێوانی هۆش و بیر (Confusion)

  • لێدانی خێرای دڵ

  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە

ئەگەر کەسی تووشبوو زوو لە ژێر خۆر نەهێنرێتە دەرەوە و جەستەی سارد نەکرێتەوە، دەتوانێت تووشی گەشکە (گرژهەڵاتن)، لەدەستدانی هۆش و تەنانەت وەستانی دڵ ببێت.

زۆرجار پێش شۆکی گەرما دۆخێک بە ناوی بێ تاقەتبوون بەهۆی گەرما (Heat exhaustion) ڕوودەدات. بۆیە گرنگە هەم ڕەفتاری خۆت و هەم ڕەفتاری هاوڕێیانت لە شاخ بە وردی چاودێری بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت لەو دۆخەدا زوو هەنگاو بنێتەوە. 


  • تاوبردوویی  (Sunstroke)

تاوبردوویی (لە فارسیدا آفتاب زدگی) کاتێک ڕوودەدات کە خۆر بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەر و ملت بدات و پەردەکانی مێشکت تووشی هەراس ببن.

نیشانەکانی ئەم دۆخە بریتین لە:

  • سەرئێشە

  • سووربوونی سەر و دم و چاو

  • دڵتێکچوون

  • شێوانی هۆش و گێژبوون

ئەگەر سەر و مل لەو دۆخەدا سارد نەکرێنەوە و کەسی تووشبوو لە ژێر خۆر نەهێنرێتە دەرەوە، لەوانەیە تووشی کۆما یان ئاوسانی مێشک (Brain edema) ببێت.


توێژینەوەکانی دەزگای ئاسایشی شاخەوانی لە ئۆتریش نیشان دەدەن کە نەخۆشییەکانی دڵ و سیستەمی گەڕانی خوێن یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدانن لە شاخ. ئەم مەترسییەش لە کاتی گەرمای زۆر و چالاکییە جەستەییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت. بۆیە پێویستە گەرما هەمیشە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.


لە گەرمای زۆردا چ بکەین؟


چەند هۆکارێک هەن کە کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە هەیە کە بریتین لە:


١. کەش و هەوا

  • شێ یان نمی هەوا

  • پلەی گەرمای هەوا

  • تیشکی خۆر

  • با


٢. جەستەی مرۆڤ

  • دۆخی تەندروستی

  • ئاستی لێهاتوویی

  • ڕاهاتن بە گەرما (Heat Acclimatization)

  • بڕی ئاوی جەستە


٣. چالاکی

  • ئاستی ماندووبوون و چالاکی

  • جۆری جل و بەرگ (وەک کڵاوی پاراستن یان کڵاوی خۆر)

  • باری سەرشان (وەک کۆڵەپشتی)



ڕێکارەکانی پێشگیری لە بەرزبوونەوەی گەرمای جەستە لە شاخ


پێش ئەوەی گەرما ببێتە کێشە، باشترە ئەم ڕێکارانە لەبەرچاو بگریت:


  • پشووی زیاتر و درێژتر بدەوە لە نێوان ڕێگا.

  • ئاوی زیاتر بخۆوە

  • مەهێڵە جەستەت زۆر ماندوو بێت

  • لە گەرمای زۆردا شاخەوانی مەکە، کاتێک جەستەت بە گەرما ڕانەهاتووە یان کێشەت لەگەڵ گەرما هەیە

  • ئەو ڕێگایانە هەڵبژێرە کە سێبەریان هەیە

  • جل و بەرگێکی گونجاو لەبەر بکە

 

بەدروستی ئاو بخۆوە؛ هەستی توونیایەتی هەمیشە بۆ متمانە نابێت

تەنیا پشت بە هەستی توونیایەتی مەبەستە، چونکە کاتێک توونیت دەبێت، دیارە جەستەت پێشتر دەستی بە لەدەستدانی ئاو کردووە.

بەتایبەتی پێش دەستپێکردنی شاخەوانی، پێویستە بە باشی ئاو بخۆیتەوە. باشترین پێشنیار ئەوەیە لە کاتی نانی بەیانی لانیکەم ٠/٥ لیتر ئاو بخۆیتەوە. ئەمە پێشنیارێکی باشە بۆ هەموو گەشتێکی شاخەوانی.


فریاگوزاری لە دۆخی شۆکی گەرما



ئەگەر کەسێک تووشی شۆکی گەرما (Heat Stroke) بووە یان ئەگەر نیشانەکانی پێوە دیارە، یەکەم هەنگاو ئەوەیە جەستەی سارد بکرێتەوە.


  • بیگوازنەوە ژێر سێبەرێک و لە ژێر تیشکی خۆر دووری بکەنەوە

  • ئەگەر بۆتان گونجاوە، پێستی بە پارچەیەکی تەڕ یان دەستمالێکی تەڕ، تەڕ بکن

  • ئەگەر نزیکی ڕووبار یان کانییەکن، چوونە ناو ئاو یان دانیشتن لەناو ئاودا دەتوانێت زۆر سوودبەخش بێت.


بەڵام ئاگاداربە: جەستە نابێت بە یەکجار بخرێتە ناو ئاوی زۆر ساردەوە، چونکە ئەمە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر دڵ و سیستەمی گەڕانی خوێنی. باشترە بە هێواشی بخرێتە ناو ئاو و جەستەی ئارام ئارام سارد بکرێتەوە. بەهۆی مەترسییەکانی وەک خلیسکان یان تێکەوتن لە ئاوی ڕووبارەکەوە واباشترە ئەو کەسە بەتەنیا نەبێت و یەک یان دوو کەسی دیکەی لەلای بێت.


ئەگەر ئاستی شۆکی گەرما بەرز بێت، ژیانی ئەو کەسە لە مەترسی دایە. لەم حاڵەتەدا دەبێت خێرا پەیوەندی بە هێزەکانی فریاکەوتنەوە بکەن. ئەگەر کەسەکە هۆشی لەدەستدا، دەبێ بە گوێرەی ڕێنماییەکانی فریاکەوتن لەگەڵی بجوڵێنەوە.


چۆن پێشگیری لە تاوبردوویی بکەین؟


دەتوانن بە لەبەرکردنی جل و بەرگی گونجاو و داپۆشینی سەر و مل لە لێدانی خۆر خۆتان بپارێزرێن.بەتایبەتی لەسەر یەخچالە سروشتییەکان (Glacier)، لەسەرکردنی کڵاوی خۆر و بەستنەوەی دەستمالێک لە دەوری ملتان زۆرتان یارمەتی دەدات.

 
 
 

Comments


bottom of page